ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بابەتی ژمارەی مووچەخۆران كێشە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروستناكات و دوای هەمواری یاسای بودجە لە 618 ملیار دینارەكە زیاتر بۆ هەرێم دەنێردرێت.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، سبەینێ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت و چاوەڕواندەكرێت لە دوای ئەو پرسە هەمواری یاسای بودجە لە حکومەتەوە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت و هەنگاوەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە دەستپێبكات.
راشیگەیاند، بابەتی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم كێشە بۆ ناردنی مووچە دروستناكات و وردبینی لە لیستی مووچەخۆران بەپێی رێنماییە دارایی و كارگێڕییەكان ئەنجامدەدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، “دوای هەمواری یاسای بودجە لە 618 ملیار دینارەكە زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت بەو پێیەی پشكی هەرێم تەنها مووچە نییە، بەڵكو بودجەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانیش لەخۆ دەگرێت”.