چارەسەرێكی بۆماوەیی توانای بیستن بۆ منداڵانی نابیست دەگەڕێنێتەوە

توێژەران دەڵێن، چارەسەرێكی بۆماوەیی كە كۆمپانیایەكی چینی كار لەسەر پەرەپێدانی دەكات بیستنی بۆ ئەو منداڵانە گەڕاندووەتەوە كە بە زگماكی نابیست بوون.

بەپێی راپۆرتێك كە گۆڤاری (زە لانسێت)ی پزیشكی بڵاویكردووەتەوە، پێنج لە كۆی شەش منداڵی بچوك كە گرفتاری نابیستیی قورس بوون، هەستیان بە باشبوونی هەستی بیستن كردووە، سەرەڕای باشبوونی قسەكردن پاش شەش مانگ لە خستنە ژێر ئەو چارەسەرەی (ریفریشجین سیرابیوتكس) پەرەیپێداوە.

سەرجەم منداڵەكان تووشبووی نابیستیی توند بوون لە ئاكامی گۆڕانكاری لە بۆماوەی ئۆ. تی. ئۆ. ئێف (ئۆتۆفیرلین). پرۆتینی ئۆتۆفیرلین بە بنەڕەت دادەنرێت بۆ گواستنەوەی ئاماژەی دەنگی لە گوێ-وە بۆ مێشك.

توێژینەوەكانی پێشوو ئاماژە بەوەدەكەن كە گۆڕانكارییەكان لەو بۆماوەیەدا بەرپرسە لە دوو بۆ سێ لەسەدی حاڵەتەكانی نابیستی زگماكی. بە تەنها لە ویلایەتە یەكگرتووەكان منداڵێك لە كۆی هەزار منداڵی تازە لەدایكبوو بەدەست نابیستی لە ئاستی مامناوەند تا قورس دەناڵێنن.

توێژەران لە نەخۆشخانەی چاو و لوت و گوێ و قورگی زانكۆی (فودان) بە نەشتەرگەری ڤایرۆسێكی نازیانبەخشیان بەكارهێنا بۆ هەڵگرتنی كۆپییەك لە بۆماوەی مرۆڤ بۆ گوێی ناوەوەی نەخۆشەكان.

راشیانگەیاند، پاش 26 هەفتە، پێنج لە كۆی شەش منداڵ ئاماژەی باشبوونی بیستنیان تیادەركەوتووە، سەرەڕای باشبوونێكی بەرچاو لە درككردن بە قسە و توانای ئەنجامدانی گفتوگۆ.

ئەوەشیان خستەڕوو، كاریگەرییە لاوەكییەكان لە زۆرینەیاندا سوك بوون، هیچ یەكێكیان كاریگەریی دوورمەودایان نەبووە.

لەگەڵ ئەوەشدا توێژەران دڵنیانەبوون لەبارەی هۆكاری وەڵامنەدانەوەی منداڵی شەشەم بۆ چارەسەرەكە. یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە كە هەندێك لە گیراوە چارەسەرییە بۆماوەییەكە لە گوێی ناوەوە دزەیكردووە لەكاتی نەشتەرگەرییەكەدا یان دواتر.

بابەتی پێشتر

نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەردەوامی دەبێت و بەفر و باران دەبارێت

بابەتی دواتر

بومەلەرزەیەک لە بەسرە روویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share