چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە.
سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكیان لە ماڵی حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر ئەنجامدا بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
وەك ئەوەی میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، لایەنە سونییەكان ناوی ژمارەیەك كاندیدی نوێیان بۆ ئەو پۆستە پێشكەشكردووە و، چاوەڕوانن لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتی بۆ یەكێك لە كاندیدەكان نیشانبدات، بەر لە بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران لەو بارەیەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە تائێستا لایەنە سیاسییەكان چاوەڕوانن دادگای فیدراڵی ئەو تانەیە یەكلابكاتەوە كە لەسەر دانیشتنی گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تۆماركراوە، لە سایەی ئەو ناكۆكییانەی، لەسەر شەعلان كەریم كە زۆرترینی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، هەیە.