وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی کراوە و دوای دەرچوونی بڕیار بۆ تەمویلکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا چاوەڕوانی تەواوبوونی رێکارەکانین.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، پاش گەیشتنی پارەکەی بەغداد دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و وەک حکومەتی هەرێم دەبێت ئەو کورتهێنانەی لە بڕی پارەکەی بەغداد هەیە بۆ مووچە لە داهاتی ناوخۆ پڕی بکەینەوە.
وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەبێت کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێت، شاندی هەرێم رێککەوتنی کردووە بۆ چارەسەری کێشەکە و ئەوەی ماوە بچێتە ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگی لەسەر بدرێت.
بە گوێرەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مانگانە عێراق 618 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت، پێشەوا هەورامانیش رایگەیاند، بۆ دابەشکردنی مووچە حکومەتی هەرێم پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە.