سەرۆک کۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەکەی سەر هەولێری کرد و رایگەیاند، “کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەردەکرێن نەک هێرشی سەربازی”.
لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامێکدا رایگەیاند، “بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەرهەولێر دەکەم، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە و ئاسایش و سەقامگیری وڵات تێکدەدات”.
ئاماژە بەوەش دەکات، “چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگی هاوبەشی بونیادنەرەوە دەبێت، نەک هێرشی سەربازیی کە هەڕەشە لە سەقامگیری عێراق و هەموو ناوچەکە دەکەن”.
شەوی رابردوو، بە مووشەک هێرشکرایە سەر شاری هەولێر و ماڵی بازرگانێک خاپوربوو، تێیدا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە شەش کەس برینداربوون، گەڕان بەدوای کارگوزارێکی بیانیش بەردەوامە کە لەنێو ماڵەکەدا کاریکردووە.