ئاسایش 7 كەسی لەكاتی مامەڵەكردن بە دراوی ساختە و گەڕان بۆ شوێنەوار دەستگیركرد

ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، لە چەند چالاكییەكدا توانیویانە حەوت تۆمەتباری دوو باندی دزینی شوێنەوار و مامەڵەکردن بە دراوی ساختەوە دەستگیربکەن.

لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، “بەمەبەستی پاراستنی مێژوو و کەلتووری گەلەکەمان و ڕێگریکردن لە دزین و تاڵانکردنی شوێنەوارە کۆنەکان و ساغکردنەوەی هەرجۆرە دراوێکی ساختە، دوو باندی ساختەکار و دزینی شوێنەوار دەستگیرکران و دەستیشگیرا بەسەر چەندین ئامێر و دراوی ساختە دا .”

ڕوونیشیكردووەتەوە، هێزەكانیان توانیویانە لە ڕۆژی 29/8/ 2021 لە چەند چالاکییەکدا حەوت تۆمەتباری دوو باندی دزینی شوێنەوار و مامەڵەکردن بەدراوی ساختەوە دەستگیربکەن.

ئاساسایش باسی لەوەكردووە، تۆمەتباران لەکاتی گەڕان بۆ شوێنەوارە دێرینەکان لە ناوچەی شارباژێر و قەرەداغ و لەکاتی مامەڵەکردن بە دراوی ساختەوە دەستگیرکراون.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، دەستگیراوە بەسەر بڕی 70 هەزار و 600 دۆلاری ساختە لە جۆری 50 دۆلاری و یەک ئۆتۆمبیل و یەک موەلیدە و چەندین ئامێردا.

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، “تۆمەتبارەكان بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانیان بەردەوامە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری هەنگاوێکی نوێ دەگیرێتەبەر

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، هاوڵاتییان دەتوانن لەڕێگەی پۆرتاڵێکی حکومەییەوە داواکاریی دەرهێنان یان نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری پێشکەشبکەن. بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی،…
Total
0
Share