سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ داوای ئامادەکاریی بۆ ئەگەری روودانی بوومەلەرزە دەکات

سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵ جەختی لەسەر پێویستی ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری بوومەلەرزە لە شارەکەی کردەوە و دەڵێت، “بوومەلەرزە هەڕەشەیەکی گەورەیە و لەبەردەم دەرگاکەماندا چاوەڕێمان دەکات”.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ لە وتارێکدا رایگەیاند، “لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی پڕ لە ئازاری بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، هۆکارێکە بۆ ئەنجامدانی ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری روودانی بوومەلەرزە لە ئیستانبوڵ”.

دەشڵێت، “لەو بوومەلەرزەیەدا هەزاران کەس لەکاتی خەودا گیانیان لەدەستدا، لەکاتێکدا بە ئارامی ژیانیان بەسەردەبرد، چەندین منداڵ و ژن و گەنج و بەتەمەنی وڵاتەکەمان بەیەکەوە نێژران کە تائێستاش ئازارەکەی لەو ناوچانەدا هەستی پێدەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “پرسی بوومەلەرزەکەی ئیستانبوڵ پرسێکی گرنگە، چونکە هەروەک ئەو بوومەلەرزەیەی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات بینیمان، بومەلەرزە لێرەش هەڕەشەیەکی گەورەیە و لەبەردەم دەرگاکەمان چاوەڕێمان دەکات”.

پێشتر پرۆفیسۆر ئۆڤگون ئەحمەد ئەرجان، زانای جیۆفیزیکی لە سەرەتای ئەمساڵدا پێشبینی ئەوەی کردبوو کە پێش هاتنی بەهار بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە وڵاتەکەیاندا روودەدات.

بابەتی پێشتر

لە فڕۆكەخانەی كەركوك حەوت گەشتیار دەستگیركران

بابەتی دواتر

راپۆرتێک: هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناچنە دەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share