دەیان خوێندكار لە فەرەنسا بەهۆی پۆشینی عەباوە رەوانەكرانەوە

خوێندنگاكانی فەرەنسا دەیان كچە خوێندكاریان رەوانەی ماڵەكانیان كردەوە بەهۆی رەتكردنەوەی پابەندبوون بە بڕیاری قەدەغەكردنی عەبا لە یەكەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندندا، وەك ئەوەی وەزیر ئاماژەی پێدا.

گابریال ئەتال، وەزیری پەروەردەی فەرەنسا رایگەیاند، نزیكەی 300 كچ تەحەدای بڕیاری قەدەغەی عەبا-یان لە خوێندنگاكان كرد و بەیانیی ئەمڕۆ بەو جلوبەرگەوە روویان لێكردن.

وتیشی، زۆرینەیان رەزامەندییاندا لەسەر گۆڕینی ئەو جلوبەرگەیان، بەڵام 67یان رەتیانكردەوە، بۆیە گەڕێندرانەوە بۆ ماڵەكانیان.

مانگی رابردوو حكومەتی پاریس رایگەیاند، پۆشینی عەبا-ی لە خوێندنگاكاندا قەدەغەكردووە، چونكە پێچەوانەیە لەگەڵ بنەماكانی عەلمانیەت لە فێركردندا.

هەروەك باڵاپۆشیی لەو دامەزراوانەدا قەدەغەكران، چونكە دەبێتە نیشانەی پەیوەستی ئایینی.

هەنگاوەكە لەلایەن راستڕەوی فەرەنسییەوە پێشوازی لێكرا، بەڵام چەپی وڵاتەكە پێیوایە دەستبردنە بۆ ئازادییە مەدەنییەكان.

ئەتال روونیكردەوە، پەیامێك ئاراستەی خێزانی ئەو كچانە كراوە كە رێگری چوونە خوێندنگایان لێكراوە و تیایدا هاتووە “عەلمانییەت كۆت و بەند نییە، بەڵكو ئازادی-یە”.

لەكاتێكی پێشتردا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دووپاتیکردەوە کە بڕیارەکەی حکومەت بۆ قەدەغەکردنی پۆشینی عەبا لە قوتابخانەکاندا ئامانجی بەرگریکردنە لە عەلمانیەت و بنەماکانی کۆماری فەرەنسا.

ماکرۆن وتی، “ئێمەش لە کۆمەڵگاکەماندا لەگەڵ کەمینەیەکدا دەژین، لەگەڵ کەسانێک کە ئاراستەی ئایین دەگۆڕن و دێن بۆ تەحەدای کۆمار و عەلمانییەت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەندێکجار خراپترین شت روویداوە لە وڵاتەکەماندا کە چاوەڕێی نەبووین، ناتوانین بەوجۆرە مامەڵە بکەین کە هێرشی تیرۆریستی نەبووبێت”.

ماکرۆن باسی لەوەکرد، رۆژی 16ی تشرینی یەکەمی 2020، پرۆفیسۆری مێژوو و جوگرافیا ساموێل پاتی (تەمەن 47 ساڵ) لە بەردەم قوتابخانەکەی لە ناوچەی پاریس لەلایەن جیهادییەکی چیچانییەوە بەر چەقۆ درا و کوژرا.

ئەم پرۆفیسۆرە چەند رۆژێک دوای ئەوەی لە کاتی وانەیەکی تایبەت بە ئازادیی رادەربڕین کاریکاتێری پێغەمبەر محەمەدی پیشانی خوێندکارەکانیدا، کوژرا.

سەرۆکی فەرەنسا بەردەوام بوو و پاساوەکانی بڕیاری قەدەغەکردنی پۆشاکەکەی ڕوونکردەوە: “تەنها دەڵێم ئەم سیستەمە بوونی هەیە، بەراورد لە نێوان کردەوەی تیرۆریزم و ئەو جلەی کە هەندێک کچە موسڵمان لەبەری دەکەن، ناکەم”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “تەنها پێتان دەڵێم پرسی عەلمانیەت لە قوتابخانەکەماندا پرسێکی بنەڕەتییە”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: لە نزیكەوە چاودێریی ئاڵۆزییەكانی كەركوك دەكەین

بابەتی دواتر

توێژینەوەیەك پەیوەندیی نێوان كەشی گەرم و هەڵسوكەوتی دوژمنكارانە ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share