چین ئەنیشتاین رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكات

چین ئامادەكاری دەكات بۆ رەوانەكردنی كەشتیی ئاسمانیی ئەنیشتاین كە بە تەكنەلۆجیای هاوشێوەی چاوی قرژاڵی دەریا (Lobster) ئامادەكراوە بەرەو بۆشایی ئاسمان وەك هەوڵێك بۆ تێگەیشتن لە هەندێك لە گەورە نهێنییەكانی گەردوون.

چاوەڕوان دەكرێت ئەكادیمیایی زانستیی چین (CAS) كەشتییەكە لە كاتێكی دیكەی ئەم مانگەدا رەوانە بكات، بڕیارە گەڕان بەدوای تەقینەوە گەورەكاندا بكات لە رووناكیی تیشكی ئێكسدا كە لە تەقینەوەی ئەستێرەكان یان كونە رەشە گەورەكەوە دێت.

كەشتییەكە لەڕێی مووشەكی (چانگ چنگ) لە سەنتەری شیچانگ-ی تایبەت بە هەڵدانی مانگە دەستكردەكان لە سیچوان-ی چین-ەوە رەوانەدەكرێت. ئەكادیمیای زانستیی چین بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی بۆشاییگەری ئەوروپی (ESA) و پەیمانگای ماكس بلانك بۆ فیزیا لە دەرەوەی زەوی (MPE) لە ئەڵمانیا سەرپەرشتیی ئەركەكە دەكەن.

ئەریك كۆلكز، زانای پرۆژەی كەشتیی ئەنیشتاین سەر بە ئاژانسی بۆشاییگەڕی ئەوروپی رایگەیاند، گەردوون تاکە تاقیگەی ئێمەیە كە پرۆسە پڕ چالاكییەكانی تیایدا تاوتوێبكرێت، ئەرکەکانی وەک ئەنیشتاین زۆر گرنگن بۆ پێشخستنی تێگەیشتنمان لەم پرۆسانە و فێربوونی زیاتر دەربارەی لایەنە بنەڕەتییەکانی فیزیای وزە بەرز.

ئاژانسە ئەوروپییەكەش ئاشكرایكرد، بەشدارییان لە ئەركەكەدا رێگە بە ئاژانسەكەیان دەدات بگاتە 10%ی ئەو زانیارییانەی لە كەشتییەكەوە دەستدەكەون.

یەكێك لەو كەلوپەلانەی لەسەر كەشتییەكەیە، تەلەسكۆپی تیشكی ئێكسی بەرفراوانە، كە لەسەر نەخشەی چاوی قرژاڵی دەریا دروستكراوە، رێگەیپێدەدات چاودێری بە پلەی 3600 پلە چوارگۆشە لە تەنها گرتەیەكدا بكات، ئەمەش واتە كەشتییەكە دەتوانێت ئاماژەكانی تیشكی ئێكس بگرێت، بە نزیكەی لە تەواوی ئاسمانی شەودا لە تەنها سێ خولگەی دەوروبەری زەوی.

رووناكیی تیشكی ئێكس زانیاریی بنەڕەتی دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەی گەردوون هەڵدەگرێت، لەوانەش پێكدادانی ئەستێرە نیوترۆنییەكان و تەنۆلكە وزە بەرزەكان و كەوتنی مادەكان بۆ ناو كونە رەشەكە.

جێگای سەرنجە کە وەرگرەکانی سەر زەوی توانای دەستنیشانکردنی سیگناڵەکانیان هەیە، بەڵام بە دەگمەن دەتوانرێت شوێنی سەرچاوەکە لە خاڵێکی چاودێریی سەر زەوییەوە دیاری بکرێت.

ئەو تەنە ئاسمانییە نهێنییانەی کە كەشتییەكە سەرنجی لەسەر دەدات، یارمەتیدەر دەبن بۆ باشترکردنی تێگەیشتنمان لە رووداوە گەردوونییەکان و دیاردەکانی وەک شەپۆلی کێشکردن.

بابەتی پێشتر

 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە ئیستانبوڵ

بابەتی دواتر

بەرلین.. ئەو درەختی سەری ساڵەی دەمێنێتەوە دەبێتە خواردنی ئاژەڵی باخچەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share