وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ و بازرگانی و دەروازە سنوورییەکان راگەیاند بۆ کۆنترۆڵکردنی هاوردەی یارییە ئاگرینەکان.
عەبدولزەهرا هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، “لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان ئاژانسی ناوەندی بۆ ستانداردکردن و کۆنتڕۆڵی جۆری و وەزارەتەکانی ناوخۆ و بازرگانی دروستکراوە کە ئامانجیان کۆنتڕۆڵکردنی هاوردەکردنی یارییە ئاگرینەکانە کە زیان و مەترسی بۆ هاوڵاتییان دروستدەکات”.
روونیشیکردەوە، “لیژنەکان کار بۆ دانانی ستاندارد و کۆنتڕۆڵکردنی یارییە ئاگرینەکان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە میکانیزمی هاوردەکردنی ئەو کەرەستانە، هەروەها هەماهەنگی دەکەن لەگەڵ دەسەڵاتی دەروازە سنوورییەکان سەبارەت بە هاتنە ناوەوەی ئەو یارییانە بۆ عێراق”.