ئاسۆ مامەند لە پەیامێكدا پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ و سەركەوتنی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمان دەكات و دەڵێت، سەركەوتنیان سەلماندی کەرکوک شاری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانە بە ناسنامە کوردستانییەکەی.
ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی و، سەرکەوتنی (هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) پەیامێکی پیرۆزبایی و سوپاسگوزاریی ئاراستەی خەڵكی کەرکوک دەکات.
دەقی پەیامەکە:
-ساڵی نوێی زاینی و سەرکەوتنی هەڵبژاردنتان پیرۆز بێت..!
-جەماوەری خۆڕاگری کەرکوک..!
-کەرکوکییە دڵسۆزەکان!
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی ٢٠٢٤ی زاینییەوە، بە گەرمی پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، و سەرجەم چین و توێژەکانی پارێزگای کەرکوک دەکەم.
هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی بەدیهێنانیی تەواوی خواست و مافە بەدەست نەهاتووەکانیی میللەتەکەمان بێت، هەروەک ببێتە مایەی خێر و سەقامگیریی بۆ تەواوی وڵاتەکەمان.
بە دەرفەتیی دەزانم لەم بۆنەیەدا، بەوپەڕی رێز و پێزانینەوە؛ سوپاس و دەستخۆشی خۆم ئاراستەی جەماوەری خۆڕاگری کەرکوک، و ئەندام و لایەنگرانیی یەکێتیی، و سەرجەم چین و توێژەکانیی پارێزگای کەرکوک، و دەنگدەرانیی ئازیز بکەم، کە بەوپەڕی هەستکرنیان بە لێپرسراوێتیی ئەم قۆناخەی میللەتەکەمان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لە رۆژی ١٨ی ١٢دا بە ئەرکی نیشتمانیی و مێژوویی خۆیان هەڵسان، و بە جۆش و خرۆشێکی کوردانەوە بەشداریان لە پڕۆسەی دەنگداندا کرد، و سەرکەوتنی گەورە و مێژووییان بۆ (لیستی ١٤٢ی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) تۆمارکرد، و دووبارە بە دەنگەکانیان کوردستانیی بوونیی کەرکوکیان سەلماندەوە.
سەرەڕای بێ بەشبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئازیزی کەرکوک لە پڕۆسەی دەنگدان، بەڵام؛ بەشداریکردنی بەرفراوانیی جەماوەری خۆشەویستیی کەرکوک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، بووە هەوێنی سەرخستنی لیستی (١٤٢)ی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە. ئەوەش دەرخەری ئەو راستییە مێژوویەیە کە «کەرکوک» و «یەکێتیی» دووانەیەکی لێکدانەبڕاون، هەروەها ئەو راستییەشی بۆ یار و نەیار سەلماند کە کەرکوک شاری پێکەوە ژیانیی ئاشتییانەی نێوان پیکهاتەکانە بە ناسنامە کوردستانییەکەی.
ئەم دڵسۆزیی و جوامێرییەی هاووڵاتییانیی کەرکوک بۆ یەکێتیی و رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال، دووبارە ئەو گڕوتینەمان پێدەداتەوە؛ کە لە جاران زیاتر داکۆکی لە خواست و مافە رەواکانیی میللەتەکەمان بکەین لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، هەروەک بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە لەسەر رێبازەکەی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال بەردوام دەبین بۆ خزمەتکردن و داکۆکیکردن لە میللەتەکەمان.
دووبارە ساڵی نوێی زاینی، و سەرکەوتنی هەڵبژاردنتان پیرۆز بێت، هیوادارم بە هێمنی و لە کەشێکی ئارامدا ئاهەنگی سەرکەوتنی هەڵبژاردن، و خۆشی و شادیی سەری ساڵی نوێی زاینی لەگەڵ خزم و کەسوکار و ئازیزانتان بگێڕن.
ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان