پەرلەمانتارێك وادەی ناردنی 700 ملیار دیناری دیكە بۆ هەرێم ئاشكرادەكات

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران سووربوونی حكومەتی ناوەند لەسەر چارەسەركردنی كێشەی مووچە لە هەرێم دووپاتدەكاتەوە و دەشڵێت، لە سەرەتای ساڵی داهاتوو 700 ملیار دیناری دیكە بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت.

موعین کازمی، ئه‌ندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگه‌یاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق سوورە لەسەر چارەسەركردنی كێشەی مووچە بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق لە وادەی خۆیدا مووچە وەربگرن.

وتیشی، “بەغداد بەردەوامدەبێت لەسەر ناردنی قەرزی دیکە بۆ هەرێم تا ئەوکاتەی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەردەکرێت”.

كازمی لە لێدوانێكدا بۆ كوردسات باسی لەوەشكرد، لە سەرەتای ساڵی نوێدا 700 ملیار دیناری دیكە بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت.

لەكاتێكی پێشتریشدا جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لیژنەیەك بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە لە راوێژكارانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پێكهێندراوە و پێشتر بڕیاربوو كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامبدەن، بەڵام بەشێكیان سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بوون بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان و كۆبوونەوەكە دواخرا.

ئەوەشی روونكردەوە، چاوەڕواندەكرێت لە دوای سەری ساڵی نوێیوە ئەو لیژنەیە كۆبوونەوەی خۆی بۆ ئامادەكردنی رەشنووسێك بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە ئەنجامبدات و، بەڵێندراوە كە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و پرسی نەوت چارەسەربكرێن.

بابەتی پێشتر

لە كەركوك هەڵمەتێك بۆ رێگری لە سواڵكردن ئەنجامدرا

بابەتی دواتر

وەزیری نوێی بەرگریی چین دیاریكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share