ڕابەری ڕەوتی سەدر هۆشداری دەدات کە هەندێک لایەن و وڵات دەیانەوێت ئەوان و عێراق بخەنە ناو شەڕ و ململانێی سەربازییەوە و ئەوان ڕێگە بەوە نادەن.
موقتەدا سەدر، ڕابەڕی ڕەوتی سەدر لە عێراق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیوتەر ڕایگەیاندووە، “هەرکەس و لایەنێک جوڵەی سەربازی لە دژی هەر ناوەندێکی دیبلۆماتی لە عێراقدا ئەنجامبدات سەرپێچییە و ئەو هەوڵانە دەچێتە خزمەتی ئەو هێزانەوە کە شەڕ و تاریکیان دەوێت”.
سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەر جۆرە جوڵەیەکی سەربازی عێراق دەخاتە ناو پێکدادانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە”.
وتەکانی موقتەدا سەدر هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەکانی هەندێک لە گروپەکانی حەشدی شەعبی و ئێران لە دژی ئامانجەکانی ئەمریکا، لە ساڵیادی نزیکبوونەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، کە ساڵی ڕابردوو لە سێی کانوونی دووەم لەلایەن سوپای ئەمریکاوە کوژران.
— مقتدى السيد محمد الصدر (@Mu_AlSadr) January 2, 2021