وتەبێژی حكومەت كاتی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد ئاشكرادەكات

وێنە: ئەرشیف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، چیتر لەگەڵ حكومەتی ناوەند پشوو درێژنابن و رێگەچارەی دیكەیان دەبێت، هەروەك كاتی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد ئاشكرادەكات.

پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگه‌یاند، كێشه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد ته‌نها مووچه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ ده‌یان مافی زه‌وتكراوی دیكه‌ی هه‌رێمەوە هەیە كه‌ “به‌غداد پێی ره‌وانابینێت و حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ستبه‌رداریان نابێت و به‌ مافی خۆی ده‌زانێت داكۆكی لێبكات”.

وتیشی، “بابه‌تی مووچه‌ كرایه‌ بابه‌تێكی سیاسی بۆ بێزاركردنی حكومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان”.

هەورامانی ئاشكراشیكرد، وەفدی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی دایناوه‌ له‌ ماوه‌ی رۆژانی 6 بۆ 10ـی مانگی داهاتوو سه‌ردانی به‌غداد ده‌كات به‌تایبه‌ت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌ و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئەوەشی خستەڕوو، ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامی كۆتایی ده‌بن و درێژخایه‌ن نابن وه‌كو هه‌موو جاره‌كانی دیكه‌ و، ئه‌و پشوودرێژییه‌یان نابێت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ به‌غدا هه‌یبوو.

وتەبێژی حكومەت باسی لەوەشكرد، ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گه‌شبینی له‌ دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌كان به‌دینه‌كه‌ن، ئه‌وكات حكومه‌ت و سه‌ركردایه‌تیی كوردستان رێگه‌چاره‌ی دیكه‌ی ده‌بێت.

بابەتی پێشتر

دژەتیرۆر دەستگیرکردنی دوو "تیرۆرست" رادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

دوو كەس لەسەر كوشتنی گەنجەكەی هەولێر دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share