کارگێڕی لقی کەرکوکی پارتی رایدەگەیەنێت،” ئەگەر کورد یەک لیستی هەبوایە، رەنگە 9 کورسیمان ببردایەتەوە، فرە لیستی و پەرتەوازەیی هەڵەیەکی گەورەبوو”.
فەهمی فایەق، کارگێڕی لقی کەرکوکی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، ئەگەر کورد یەک لیستی هەبوایە، رەنگە 9 کورسیمان ببردایەتەوە، فرە لیستی و پەرتەوازەیی هەڵەیەکی گەورەبوو، هەڵەکەش لە کەمال کەرکوکی بوو، ئەگینا یەکێتی نەرمی نواند.
دەشڵێت، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی و 10 کارگێڕ لق ئامادەبووین بۆ یەک لیستی حزبە کوردییەکان و یەکێتیش نەرمی نواند، 13 حزبی کوردستانیش ئامادەیی خۆیان بۆ یەک لیستی نیشاندا، ئەگەر لیستەکە یەکێتی و پارتی پێکەوە تێدابێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، کەمال کەرکوکی حەزی بە یەک لیستی نەبوو، گوایە یەکێتی 16 ی ئۆکتۆبەری ئەنجامداوە و دەنگ ناهێنێت، خوێندنەوەی بۆئەنجامەکان هەڵە بووە.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژە بەوەش دەکات، کەمال کەرکوکی دەبوایە لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆی بکردایە و دواتر بیگوتایە لەبەر ئەم هۆکارانە ناچینە لیستێکەوە لەگەڵیان، نەک بە بێ گفتوگۆ و دانیشتن یەک لیستی رەتبکاتەوە.
ئەوەش دەخاتەڕوو، کادیرێکی زۆری پارتی لەسەر خراپی ئەنجامی حزب لەم هەڵبژاردنەدا لە سۆشیال میدیا رەخنە دەگرن، بۆیە لیژنەیەک لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە بۆ وەرگرتنی سکاڵا پێکهێنراوە.
دەشڵێت، لەهەڵبژاردنی ساڵی 2010 لەکەرکوک، 47 هەزار دەنگمان هێنا و لە هەڵبژاردنی 2014ش 63 هەزار دەنگمان هێنا، لە هەڵبژاردنی 2021 دوو کورسی پەرلەمانمان بردەوە و 49 هەزار دەنگمان بەدەستهێنا، کەچی لەم هەڵبژاردنەدا 46 هەزار دەنگمان هێناوە،ئەگەر پارتی پاشەکشەی نەکردبێت خۆ گەشەشی نەکردووە، لەکاتێکدا دۆخی پارتی لەکەرکوک زۆر لە پێشە و ئەمە قابیلی قبوڵ نییە.
پەیوەست بەو کەسانەی پارتی کاندیدی کردوون فەهمی فایەق، دەڵێت، وەکو لقی کەرکوک رەنگە هەندێک لە کاندیدەکان هەر نەناسین، تێیاندایە ماڵی لە کەرکوک نەبووە و شارەزای گەڕەکەکانی شارەکەش نییە، دەنگدەر نایانناسێت، ئیتر چۆن دەنگ دەهێنن، زۆرێک لە کاندیدەکان لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوکەوە دانرابوون، ئەمەش گرفت بوو.