هەرێم كەمال ئاغا: ئێستا قۆناغێكی جیاواز هاتووەتە پێشەوە و پێویستە حكومەتی هەرێم خۆی بۆ ئامادەبكات

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئێستا قۆناغێكی جیاواز هاتووەتە پێشەوە و پێویستە حكومەتی هەرێم خۆی بۆ ئامادەبكات و قۆناغی پێش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نییە و دەڵێت، “ئەو هەنگاوانە دەرئەنجامی تێكدادانی نێو ماڵی شیعییەكان بووە كە لە هەرێمی كوردستانەوە پشتیوانیی لایەنێكی شیعییەكان دەكرا”.

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان قابیلی تانەلێدان و ڕەتكردنەوە نییە و دەبێت حكومەتی هەرێم خۆی بۆ ئەم قۆناغە ئامادەبكات، چونكە ئێستا دۆخێك هاتووەتەپێش قۆناغی پێش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نییە.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی پێیوایە، ئەو هەنگاوانەی بەغداد بەرامبەر هەرێم گرتوونیەتیەبەر پەیوەندییان بە تێكدانی ناوماڵی شیعییەكانەوە هەبووە كە لە هەرێمی كوردستانەوە پشتیوانی لە لایەنێكی شیعییەكان دەكرا و ئەوەی ئێستا ڕوودەدات دەرئەنجامەكەیەتی.

ئاماژەی بەوە كرد، پێویستە لیژنەیەكی هونەریی هەرێم سەردانی بەغداد بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكان و جگە لەوەش لە دەستووردا باس لە هاوبەشكردنی كەرتی نەوت دەكرێت لەنێوان هەرێم و بەغداد بۆیە دەتوانرێت ئەو كێشانەی كە سەریانهەڵداوە چارەسەربكرێن.

بە وتەی هەرێم كەمال ئاغا، “ئەو گرێبەستانەی تایبەتن بە بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی كۆمپانیاكاندان بۆیە دەكرێت هەمواربكرێنەوە بە جۆرێك بن كە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستاندا بێت”.

ئاشكرایكرد، “حكومەتی هەرێم چەند پابەندییەكی لەئەستۆدایە بەرامبەر حكومەتی عێراق دەبێت جێبەجێیانبكات”.

بابەتی پێشتر

دوو سزادراوی بادینان ئازاددەكرێن

بابەتی دواتر

چۆن عاشقانی قاوە لە ڕەمەزاندا خۆیان لە سەرئێشە بپارێزن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share