بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەرپرسیارین بەرامبەر بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی سەقامگیر بۆ خەڵكەكەمان

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەرپرسیارین بەرامبەر بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی سەقامگیر بۆ خەڵكەكەمان و ئامانجمان قووڵكردنەوەی برایەتی و یەكڕیزییە لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ڤیکتۆریا نوڵاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی بەوەکالەت کرد.

لەدیدارێکدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دارا خەیلانی، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق ئامادەبوون، دۆخی سیاسی و سەقامگیریی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە یەكخستنی هەوڵەكان لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عیراق كرایەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ پاراستنی سەقامگیریی عیراق دووپاتكردەوە و رایگەیاند، هەوڵەكانمان لەپێناو دوورخستنەوەی وڵات لە گرژی و ناكۆكییەكان بەردەوامە و لەگەڵ هێز و لایەنەكانیتر لە گفتوگۆداین تاوەكو ئەو دۆخە نەخوازراوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدایە، كاریگەریی لەسەر ئاشتی و ئارامیی ناوچەكە نەبێت.

‏‎لەبارەی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی یەكێتی بۆ یەكخستنەوەی ناوماڵی كورد، سەرۆك بافڵ ستراتیژی حزبەكەی روونكردەوە و رایگەیاند، ئامانجمان قووڵكردنەوەی برایەتی و یەكڕیزییە لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكان، دەمانەوێت هەموومان پێكەوە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان بكەین.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسیارین بەرامبەر بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی سەقامگیر بۆ خەڵكەكەمان، بۆ ئەمەش پێویستە هەمووان هاوكار و هەماهەنگبن.

‏لەبەرامبەردا وەفدی باڵای ئەمریکا جەختیان لە پاراستنی ئاسایشی هەرێم و عیراق كردەوە و رایانگەیاند، سەقامگیریی ناوچەكە گرنگییەكی زۆری بۆ ئێمە هەیە و هەماهەنگییەكانمان لەو پێناوەدا بەردەوام دەبێت.

بابەتی پێشتر

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ناردنی دۆلار بۆ عێراق کەمینەکردووە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەكخستنی دەنگی كورد، تەبایی و كاری پێكەوەیی ئامانجمانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share