سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید هەنگاوێکی ماوە پێ بنێتە ناو ماڵی داڤید ئالاباوە !

بۆندی نێوان ڕیاڵ مەدرید و ئالابا یەکلاییبووەتەوە

یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی پلانی جیاوازی بۆ گواستنەوەی داڤید ئالابای بەرگریکاری نەمسایی داڕشتووە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەم هەفتەیەدا خواستەکانیان بە ئاشکرا و فەرمی ڕادەگەیەنن.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، داڤید ئالابا لە هاوینی 2021 بۆندەکەی لەگەڵ بایرن میونشن کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا کارڵ هاینز ڕۆمەنیگەی بەڕێوبەری جێبەجێکاری باڤاری و هاوکارانی لە سێ بۆنەی جیاوازدا شکستیانهێناوە و نەیانتوانیوە لەگەڵ ڕەشئەسمەرەکە بە ڕێککەوتنێک بگەن، بەو هۆیەوە دەرگایان بۆ وڵاکردووە و نایانەوێت بە موچەیەکی خەیاڵی بەڵێنی پێبدەن کە لە داهاتوودا پێیان دابیننەکرێت.

بەپێی سەرچاوە ئیسپانییەکە، یاسا ڕێگە بەهەر یانەیەک دەدات لە چواری کانونی دووەمی 2021 پەیوەندی فەرمی و ڕاستەوخۆ لەگەڵ یاریزانەکە پێکبهێنێت بۆ یەکلاییکردنەوەی بۆندەکەی.

چەندین یانە چاویان بڕیوەتە تواناکانی ئالابا، بەڵام بەرگریکارەکە تەنها خواستی لەسەر یانەی ڕیاڵ مەدریدە و لە ڕێگەی لێپرسراوی کارەکانیەوە سووربوونی لە پەیوەندیکردن بەو یانەیە دەربڕیوە.

مارکا لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی شاهانەوە بڵاویکردووەتەوە، فلۆرنتینۆ پێرێز و زینەدین زێدان لە کۆتا کۆبوونەوەدا بڕیاریانداوە لە گواستنەوەکانی زستانی 2021 هیچ یاریزانێکی نوێ دابین نەکەن، مەگەر یاریزانێک لە پێکهاتەکەیان ماڵئاوایی بکات، بەڵام لەهەمان کاتدا ڕێککەوتنیان لەسەر ئەوەکردووە کە تەنها لە ئەگەری قایلبوونی ئالابا گواستنەوەی گەورە و هەژێنەر واژووبکەن.

بۆیە بە دوور نازانرێت لە چواری کانونی دووەم یانەی شاهانە هەنگاوەکانی بۆ کڕینی ئالابا بە فەرمی بکات و سەرجەم داوکاری و خواستە داراییەکانی جێبەجێبکەن، بەو شێوەیە لە هاوینی 2021 بێبەرانبەر پەیوەندی بە پێکهاتەی زیزۆوە دەکات.

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممەی خولەکانی ئەوروپا

بابەتی دواتر

نرخی دۆلار دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share