راوێژکاری باڵای بەرگریی بەریتانیا بۆ وەزیری پێشمەرگە: لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی هاوکارتان دەبین

بەریتانیا لە پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 12ی کانونی یەکەمی 2023، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆڵۆنێل تیم کەیڤ راوێژکاری باڵای بەرگریی وڵاتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری کرد.

باس لەوەش کراوە، لەو کۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كرا.

ئاماژە بەوەش کراوە، چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و لەمپەر و ئاستەنگەکانی ئەو پرۆسەیە و دواین هەنگاوەکانی، بەشێکی تری گفتوگۆکانی کۆبوونەوەی پێکهێنا، وەزیری پێشمەرگە روونیکردەوە، کە پرۆسەی چاکسازی قورسە، بەڵام ئاستەم نییە و ئەوەی دەستمان داوەتێ بەهاوکاری هاوپەیمانان ئاسان نەبووەو جێگەی بایەخی زۆرە.

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە، ستایشی هەوڵەکانی وڵاتی بەریتانیا دەکەین لە بەرامبەر پاڵپشتی و پشتیوانییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، راوێژکاری باڵای بەرگریی وڵاتی بەریتانیا رایگەیاندووە، دڵخۆشین و هیواخوازین بە گەڕانەوەتان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە پرۆسەی چاکسازی بە ئەنجام بگەیەنن،لەم پێناوەشدا هاوکار و پشتیوانتان دەبین.

May be an image of 4 people

 

بابەتی پێشتر

چی لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەزانیت؟

بابەتی دواتر

دادگای فیدڕاڵی لەبارەی هەڵبژاردنی کەرکوکەوە بڕیاریدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share