كۆمسیۆن وردەكاریی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان رووندەكاتەوە

كۆمسیۆن وادەی كردنەوە و داخستنی ناوەندەكانی دەنگدان و وردەكارییەكانی دیكەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان رووندەكاتەوە.

ئەلحەسەن قەباس، ئەندامی تیمی میدیایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، یاسای هەڵبژاردن روونە، دەنگدانی تایبەت تەنها ئاوارەبووان و هێزە ئەمنییەكان دەگرێتەوە، هیچ توێژێكی دیكە ناگرێتەوە وەك بەندكراوان، راگیراوان و نەخۆش.

وتیشی، “هەمان یاسا بەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا جێبەجێ دەكرێت”.

سەبارەت بە هاوڵاتییانی عێراقیی دەرەوەش، ئەوان ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا بكەن، وەك ئەوەی ئەلحەسەن بۆ میدیای فەرمیی عێراق ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی روونكردەوە، ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن 24 كاتژمێر بەر لە رۆژی دەنگدانی تایبەت رادەگیرێت و، دەنگدانی گشتیش لە كاتژمێر 7ی بەیانی دەبێت تا كاتژمێر 6ی ئێوارە.

سەبارەت بە كارتی بایۆمەتریی دەنگدانیش، ئەندامەكەی كۆمسیۆن باسی لەوەكرد، دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەردەوامە لەڕێی ئەو 906 ناوەندەی بۆ ئەو مەبەستە لە سەرتاسەری عێراقدا كراونەتەوە، كە لە كاتی دەوامی فەرمی و رۆژانی پشووشدا كاردەكەن.

داواشی لە هاوڵاتیان كرد سەردانی ناوەندەكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانەكانیان، چونكە دەنگدان تەنها لەڕێی كارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.

بڕیارە دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 18ی كانونی یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك و موسڵ و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڕێوەبچێت.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: باران دەبارێت

بابەتی دواتر

حەوت قوربانیی رووداوەكەی سۆران گەیەندرانە پزیشكی دادی هەولێر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share