عێراق ساڵی 2027 كۆتایی بە سووتانی گاز دەهێنێت

وەزارەتی نەوتی عێراق پێشبینی دەکات سووتانی گاز لە کێڵگە نەوتییەکاندا لە ساڵی ‏‏2027دا کۆتاییبێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان کردووە ‏هاوکاریی بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی سووتانی گاز.‏

عەلی مەحمود عەلی بەڕێوەبەری گشتیی هونەری لە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ‏‏”من گەشبینم بەوەی لە ساڵانی 2026-2027 سووتانی گاز لە کێڵگە نەوتییەکانی ‏وڵاتەکەمان کۆتاییدێت، لەکاتێکدا ئێستا بەڕێژەی 45%ی بەرهەمی گازی عێراق ‏دەسوتێت، کە دەکاتە 2.8 ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا”.‏

بەڕێوەبەرە گشتییەكە ئاماژەی بۆ گرنگیدان بە پەرەپێدانی ئەو پڕۆژانەش کرد کە کار بۆ ‏کەمکردنەوەی سووتانی گاز دەکەن لە کێڵگەکان.‏

عێراق دووەم خراپترین وڵات بووە لە سووتانی گازدا دوای وڵاتی ڕوسیا بەپێی ‏ڕیزبەندییەک کە لە ساڵی 2020دا کراوە.‏

بەپێی بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2020دا عێراق 17.27 ملیار مەتر سێجا گازی ‏سووتاندووە.‏

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوت دەڵێت، وەزارەتەکەیان گفتوگۆی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە ‏نێودەوڵەتییەکان دەستپێکردووە بۆ ڕاگرتن و کۆنترۆڵکردنی سووتانی گاز. ‏

عێراق پێویستییەکی زۆری بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازە بەهۆی ئەوەی لەلایەن ‏ئەمریکاوە فشارێکی زۆری لێدەکرێت بۆ پشتبەستن بە بەرهەمی خۆی بۆ دابینکردنی وزە ‏بۆ وێستگە کارەباییەکان، وەک شوێنگرەوەیەک بۆ هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە.‏

بابەتی پێشتر

زێدان بۆ پاریس.. پۆچتینۆ بۆ مانچستەر یونایتد

بابەتی دواتر

خوێندکاران لە بێوەڵامیی حکومەتدا هاتنەوە سەرشەقام

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share