حكومەتی هەرێم لەبارەی مووچە و بودجەوە پەیامێك ئاراستەی حكومەتی عێراق دەكات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، “پێویستە حكومەتی عێراق كۆتایی بە نادادیی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بهێنێت و شایستەكانیان خەرجبكات”.

بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تێیدا هاتووە، لە بڕگەی یەكەمدا، گفتوگۆ دەربارەی دوا پێشهاتەكانی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان كرا لە دوا سەردانی شاندی دانوستانكار هەرێم بۆ بەغدا لە هەفتەی رابردوودا كە شاندی دانوستكار روونكردنەوە و بەرچاوڕوونی پێویستیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و تێیدا ئاماژەیان بەوە دا كە سەرەڕای دروستبوونی لەیەكترگەیشتنێكی ھاوبەش لە بەغداد سەبارەت بەوەی كە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و دەبێت لە ناكۆكیی سیاسی و پابەندییەكان جیابكرێتەوە و دەبێت بڕە پارەكانی هاتوو لە خشتەكانی بودجە، وەك خۆی خەرجبكرێت و بە ھیچ شێوەیەك پێوەری خەرجیی راستەقینەی لەسەر جێبەجێنەكرێت و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێكەڵی پرسە سیاسیەكان نەكرێت.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، شاندی دانوستانكار ئاماژەیان بەوە دا كە لە دانوستانەكانی ئەم دواییە، ئەوەی بۆ شاندی ھەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و كێشەی مووچەی ھەموو مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان ناكات كە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێكی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغداد دەیكات ، پێشێلكردنێكی ئاشكرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستانە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكات كە لە نزیكترین دەرفەتدا، پڕۆژەیاسای ھەمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندبكات و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكات بە ئاراستەی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەك لە خشتەكانی یاسای بودجە ھاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلی و ناكۆكیی نەوتی و داهاتی نانەوتی و هەروەها لە سەر ئاستی سیاسیش پێویستە هەموو لایەنە سیاسییە پێكهێنەرەكانی كابینەی محەمەد شیاع سودانی، پشتیوانی پڕۆژەھەمواری یاسای بودجەبن تا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مووچەكانیان لە كاتی خۆیدا وەربگرن و چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی ھەرێم نەكرێت و لە چوارچێوەی رێككەوتنەكان و یاسای بوجەدا، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت و لە رێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی كوردستانەوە مووچەكان بدرێن.

ئەنجومەنی وەزیران راشیگەیاندووە، ھەرێمی كوردستان ھەموو ئەركەكانی خۆی بەرامبەر حكومەتی فیدڕاڵیی جێبەجێكردووە و دەستەی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و ھەرێم ، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داھات وخەرجیەكان و میلاكی وەزیفیی ھەرێم كردووە، جیا لەوەش ھەرێم پابەندیی نەوتی خۆی بەرامبەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێكردووە لە رێگای ڕادەستكردنی نەوت بۆ بەكارھێنانی ناوخۆیی، بەڵام حكومەتی فیدراڵ، ھیچ بڕە پارەیەكی بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان خەرجنەكردووە، بۆیە ھیچ بەھانەیەك بۆ حكومەتی فیدڕاڵ نەماوە كە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی ھەرێم خەرجنەكات و ئێمە حكومەتی فیدراڵ بە تاكە بەرپرسی دواخستنی مووچەكان دەزانین و داوا دەكەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوا نەخەن.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا، جێگری سەرۆك وەزیران، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەكانی توندوتیژیی دژی ژنان پێشكەشكرد و ھەروەھا ئاماژەی بە ھۆكارەكانی توندوتیژی و چۆنییەتی چارەسەركردنیانی خستەڕوو و لەمبارەیەوە داوای لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە ھەموولایەك ھاوكاربن لەپێناو جێبەجێكردنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان

لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێكی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری سەبارەت بە لێخۆشبوون و داشكاندنی بە ڕێژەی 15%ی لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی كرێی ئاو بە مەرجێك لە ماوەی 90 رۆژ لە كاتی بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە، لە ڕۆژنامەی فەرمی، داواكاری پێشكەشبكەن بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە كە دواتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وردەكارییەكەی بڵاودەكاتەوە.

بابەتی پێشتر

جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد كرایەوە

بابەتی دواتر

ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپیک دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکان لە عێراق خەڵاتی ماندێلای بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەخشی

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەهۆی پابەندی جێبەجێکردنی سەرجەم راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و جیهانییەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباراندا، خەڵاتەکەی…
Total
0
Share