وەزارەتی بەرگریی عێراق دەرچووانی ئامادەیی لە كردنەوەی خولێكی نوێی كۆلێجی سەربازی ئاگاداردەكاتەوە.
لە بانگەوازێكی وەزارەتەكەدا كە لەلایەن راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاوكراوەتەوە هاتووە، ئەو خوێندکارانەی دەرچووی ئامادەیین لە بەشەکانی (زانستی، وێژەیی، بازرگانی و پیشەسازی) و خوازیارن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ خولی (114)ی کۆلێجی سەربازی، دەرگای داواکاری کراوەتەوە، هەر کەسێک ئارەزوومەندە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکات. لێرەوە داواكاری پێشكەش بكە.
دەشڵێت، پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ماوەی شەش رۆژە لە 5ی کانونی دووەمی 2023 تا 10ی کانونی دووەمی 2023.
هەروەك مەرجەكانیشی دیاریكردووە، كە بریتین لە:
– بۆ دەرچووانی ئامادەیی لە بەشەکانی (زانستی و وێژەیی)، تێکڕای نمرە نابێت لە (70%) کەمتر بێت، هەروەها بۆ دەرچووانی (بازرگانی و پیشەسازی) ئەم بەشانەی خوارەوە (ئۆتۆمبێل – کارەبا – میکانیک – ئەلیکترۆنیات) تێکڕای نمرە کەمتر نەبێت لە (80%).
– تەمەنی داواکارانی مەدەنی دەبێت له (18) هەژدە ساڵ کەمتر نەبێت و لە (22) بیست و دوو ساڵ زیاتر نەبێت، واتە لە تەمەنی (3ی 12ی 2000) تا (2ی 12ی 2005).
– تەمەنی داواکارانی سەربازی دەبێت له (18) هەژدە ساڵ کەمتر نەبێت و له (24) بیست و چوار ساڵ زیاتر نەبێت، واتە ئەوانەی لەدایکبووی (16ی 9ی 1999) تا (15ی 9ی 2005) و هەروەها سێ ساڵ خزمەتی تەواوی لە بواری سەربازیدا هەبێت.