دەزگای لوتكە رایدەگەیەنێت، سەرەڕای رێگرییەكانی یۆنان كۆچكردن بۆ ئەو وڵاتە بەڕێژەی 250% زیادیكردووە.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەپێی ئامارەكان لەمساڵدا چوونی كۆچبەران بۆ دوورگەكانی یۆنان بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕێژەی 254.7% زیادیكردووە.
دەشڵێت، “تەنها لە پێنج مانگی رابردوودا زیاتر لە 14 هەزار کەس لەلایەن دەسەڵاتدارانی یۆنانەوە بەشێوەیەكی توندوتیژانە لە دەریای ئیجەوە بۆ توركیا گەڕێندراونەتەوە”.
لە وەرزی زستاندا كەمبوونەوەی ژمارەی كۆچبەران ئاساییە، لەسەر بنەمای خراپبوونی دۆخی كەشوهەوا، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها لە مانگی تشرینی دووەمدا زیاتر لە چوار هەزار كۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەكانی یۆنان، ژمارەكە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا هەزار و 800، ساڵێك پێشتریش 500 و لە تشرینی دووەمی 2020یشدا 350 كۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەكانی ئەو وڵاتە، وەك ئەوەی دەزگای لوتكە ئاماژەی پێداوە.
پشتبەست بە ئامارەكانیش روونیدەكاتەوە، لە مانگی رابردوودا 70 حاڵەتی پاڵنان و گەڕاندنەوەی نایاسایی لە دەریای ئیجەدا تۆماركراوە، كە لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی هێلینیکەوە ئەنجامدراوە، هەروەها دوو هەزار و 62 كەس لە منداڵ، ژن و پیاو، مافی پەنابەرییان لێزەوتکراوە و، مافە مرۆییەکانیان لەلایەن یۆنانییەکانەوە پێشێلکراوە.
دووپاتیشیدەكاتەوە، دەسەڵاتدارانی یۆنان بەردەوام بە نایاسایی کۆچبەران دەگەڕێننەوە بۆ ئاوەکانی تورکیا بە هەمان ئاراستە و لەهەمان کاتدا بەبێ ئەوەی بگەنە سەر وشکانی.