نرخی زێڕ لەبازاڕەکانی جیهاندا ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد، بە جۆرێک یەکەمجارە لە مێژوودا بەو ئاستە بگات.
لە هەرێمی کوردستانیش راستەوخۆ نرخی زێڕ بەرزبووەوە و لەماوەی سێ رۆژدا هەر مسقاڵێک 10 هەزار دینار زیادیکردووە.
ئەدیب غەریب، لە زەڕەنگەری لالە لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 2075 دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستیەتی لە مێژوودا تۆماری بکات.
پەیوەست بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئاماژەی بەوەکرد، یەکێک لە هۆکارەکان ئەو شەڕەیە کە لە ناوچەکەدا هەیە، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە بانکی ناوەندی ئەمریکا لێدوان و بەیاننامەی جیاوازی دەبێت لەم چەند رۆژەدا، بەو هۆیەوە خەڵک دەترسن لێدوانەکان لە بەرژەوەندییان نەبێت بۆیە دەست بە کڕینی ئاڵتوون دەکەن، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
وتیشی، هەرێمی کوردستان راستەوخۆ پەیوەندی بە بۆڕسەی جیهانییەوە هەیە بۆیە نرخی زێڕ بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە هەتا ئەمڕۆ هەر مسقاڵێک زێڕ 10 هەزار دینار زیادیکردووە.
ئەمڕۆ لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21 بە 450 هەزار دینارە، یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 385 هەزار دینارە.