هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان
زیاتر لە 16 ملیۆن دەنگدەر مافی بەشداریكردنیان هەیە

كۆمسیۆن دەستیكردووە بە راهێنانی كارمەندانی، بۆ رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە 18ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان نزیكەی 206 هەزار كارمەندی بۆ رۆژی دەنگدان دەستنیشانكردووە، كە بەسەر 38 هەزار و 40 وێستگە لەنێو حەوت هەزار و 766 ناوەندا دابەشدەكرێن.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆن رایگەیاند، كارمەندانی رۆژی دەنگدان بەهۆی زۆریی ژمارەیانەوە دابەشی چەند كۆمەڵەیەك كراون، كۆمەڵەی یەكەمیان لەسەر ئامێرەكانی تایبەت بە دەنگدان راهێنانیان پێكرا، كە بریتییە لە ئامێری وردبینی، جیاكردنەوە و ژماردنی ئەلیكترۆنی.

پشتبەستن بە تەنها كارتی بایۆمەتری، ژمارەی راستەقینەی دەنگدەرانی لە نزیكەی 25 ملیۆنەوە بۆ نزیكەی 16 ملیۆن دەنگدەر كەمكردووەتەوە، غەلای پێشتر وتی، “ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكاندا هەیە دەگاتە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر لە كۆی 15 پارێزگادا”.

لەسەر ئاستی چاودێری و بەدوادچوونیش، عەلی موئەید، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان رایگەیاند، ژوورێك بە پاڵپشتیی ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێكهێنراوە، بۆ تۆماركردنی سەرپێچی و پێشێلكارییەكان لە میدیاكاندا و، گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست بۆ پارێزگاری لە بە دروستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ئاستی راگەیاندنەكاندا.

بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك و موسڵ و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، جگە لە پارێزگاكانی هەرێم، بەڕێوەبچێت.

بابەتی پێشتر

هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانییەكانی پارێزگاكانی هەرێم بەڕێوەدەچێت

بابەتی دواتر

بە تۆمەتی دزیکردن تۆمەتبارێکی 14 ساڵان دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share