گەورەترین شاخی سەهۆڵین لە جیهاندا دەستی بە جوڵە كرد، پاش دوو دەیە مانەوەی لە كەناری دەریایەك لە كیشوەری جەمسەری باشوور، وەك ئەوەی تۆڕی سی ئێن ئێن بڵاویكردووەتەوە.
شاخە سەهۆڵینە گەورەكە ساڵی 1986 لە سەهۆڵبەندانی فیلچنر جیابووەوە و، راستەوخۆ دواتر لە كەناری دەریای ویدیل لە جەمسەری باشوور جێگیربوو.
شاخە سەهۆڵینەكە ناوی (A23a)یە و ئەستوورییەكەی زیاترە لە 400 مەتر و رووبەرەكەشی نزیكەی چوار هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ئەمەش واتە قەبارەی دوو هێندەی قەبارەی لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە (1572 كیلۆمەتر چوارگۆشە).
پاش نزیكەی سێ دەیە، هەریەك لە زانایان ئیلا گلبرێت و ئۆلیڤەر مارش پێیانوایە قەبارەی شاخە سەهۆڵینەكە روو لە كەمبوونەوەیە و بەوەش جێگیربوونی لە كەنار دەریاكە لەدەستدەدات، وەك بەشێك لە گەشەی سروشتیی پارچە سەهۆڵینەكان و، بەوەش دەستی بە جوڵە كردووە.
ئەوەشیان خستەڕوو (A23a) چەند جارێك لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو نازناوی “گەورەترین شاخی سەهۆڵینی ئێستا”ی بەدەستهێناوە، لەئێستادا شاخی سەهۆڵینی گەورەتر لەو هەن، بەڵام تەمەنیان كەمترە، لەوانەش (A68)ی ساڵی 2017 و (A76)ی ساڵی 2021.
هەردوو زاناكە پێشبینی دەكەن شاخە سەهۆڵینەكە، كە تەوژمەكانی دەوروبەر هەڵیدەسوڕێنن، بەرەو رۆژهەڵات بجوڵێت.
دووپاتیشیانكردەوە، گۆڕانی ئاووهەوا بووەتەهۆی گۆڕینی بەستەڵەكی كیشوەری جەمسەری باشوور، بەهۆیەوە كیشوەرەكە لەمساڵدا بڕێكی زۆری سەهۆڵی لەدەستداوە.