بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام بدات و سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنەکە هەڵبژێرێت.
کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، رۆژی چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی نائاسایی ئەنجام دەدات و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەبڕگەی دووەمدا دەنگ لەسەرهەمواری یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەدات و تەمەنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران بۆ شەش مانگ درێژ دەکاتەوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بکات.
رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2023 دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ئەندامێتیی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوەشاندەوە.