توێژەران: ئەم وەرزشانە تەمەن درێژ دەكەن

زانراوە ئەو كەسانەی بەشێوەیەكی رێكخراو وەرزش دەكەن ژیانێكی تەندروستانەیان هەیە بەراورد بە كەسانی دیكە، بەڵام ئایا دەزانیت هەندێك لەو جۆرە وەرزشانە دەتوانن تەمەنت درێژ بكەن.

هەر كەسێك وەرزش دەكات بەشێوەیەكی كردەیی سوود بە جەستە و مێشكی دەگەیەنێت، وەك ئەوەی توێژینەوەكانی پێشوو سەلماندوویانە، بەڵام ئەوەی نەزانراوە ئەوەیە كە هەندێك لەو وەرزشانە وادەكەن مرۆڤ زۆرتر بژی، وەك ئەوەی توێژەرانی دانیماركی ئاشكرایانكردووە، بەپێی ئەوەی سایتی (فۆكەس)ی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە.

بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەكە، زانایان پشكنینیان بۆ هەشت هەزار و 500 كەسی پێگەیشتووی تەندروست كرد، تیایدا وردبینییان لەسەر تەمەن، شێوازی ژیان و ئەو وەرزشانە كرد كە بەشداربووان ئەنجامیدەدەن. ئەو كارە 25 ساڵی خایاند، لەمیانەیدا چوار هەزار و 500 كەس لە بەشداربووان گیانیان لەدەستدا.

بەپێی توێژینەوەكە دەركەوت هەندێك لە وەرزشەكان توانایەكی سەیریان هەیە لە درێژكردنی تەمەن.

بەپێی ناوەرۆكەكە وەرزشە بەكۆمەڵەكان بەسوودن بۆ درێژكردنی تەمەن، لەسەرووشیانەوە وەرزشی تێنس دێت، كە دەتوانێت تەمەنی مرۆڤ بە ئاستی 9.7 ساڵ درێژبكات، هەروەها یاریزانانی وەرزشی تێنسی ریشە (Badminton) بە نزیكەی 6.2 ساڵی زیاتر دەژین.

تۆپی پێش چەكێكی دیكەی راستەقینەی تەمەن درێژییە كە دەگاتە 4.7 ساڵ، لە بەرامبەردا وەرزشە تاكییەكانی وەك مەلەوانی (3.4 ساڵ)، راكردن (3.2 ساڵ) و جومباز (3.1 ساڵ) تەمەن درێژ دەكەن، كە بەراورد بە وەرزشە بە كۆمەڵەكان ئەنجامێكی ئەرێنیی كەمتریان هەیە.

جیاوازیی وەرزشی بەكۆمەڵ و تاك چییە؟
جیاوازیی كاریگەری لەسەر تەمەن درێژی لەنیوان وەرزشی بەكۆمەڵ و تاك بەهۆی پەیوەندیكردنەوەیە بە كەسانی دیكە لەڕێی كارلێكی كۆمەڵایەتی كە ئەنجامدانی وەرزشە بەكۆمەڵەكان پێویستیەتی، چونكە یاریزان لەو جۆرە وەرزشانەدا تەنها جوڵە ناكات، بەڵكو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش پەرەپێدەدات و لەڕووی سۆزداریشەوە لەگەڵ ئەوانی دیكە تێكەڵ دەبێت، بەهۆیەوە پاش وەرزشكردن، هەست بە رازیبوون و پشوودان دەكات زیاتر لەوانەی وەرزش بە تەنها دەكەن.

لەگەڵ ئەوەشدا توێژەران هۆكارێكی دیكەیان لە سوودبەخشیی وەرزشە بەكۆمەڵەكان دۆزییەوە كە ئەوەش ئەوەیە ئەم جۆرە چالاكییە وەرزشییانە غەریزەی یاریكردنی سەردەمی منداڵی تیاماندا دەبزوێنن، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی راستەقینەی بە گەنجی هێشتنەوە.

بابەتی پێشتر

دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیاری لەبارەی كوشتنی هاوڵاتییەك ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share