قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە حسێن عەلی ساڵح ئەلفەزاڵە، كونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند بابەتێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێكران.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنجشەمە، لە هەولێر بەڕێوەچوو، كونسوڵی گشتیی قەتەر سڵاوی محەمەد بن عەبدولرەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆك وەزیرانی قەتەری گەیاندە قوباد تاڵەبانی. لە بەرامبەردا جێگری سەرۆك وەزیران پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كونسوڵ و هەروەها پیرۆزبایی كردنەوەی كونسوڵخانەی قەتەری كرد لە هەرێم و هیوای خواست لە دوای كردنەوەی كونسوڵخانەوە، ئاستی پەیوەندییەكانی هەردوولا لە هەموو بوارەكاندا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی وەبەرهێنان لە كوردستان كرا و قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە هەرێم دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جیاوازدا هەیە و حكومەتی هەرێمیش كارئاسانی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەكات و داوایكرد كونسوڵی گشتیی قەتەر هانی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی بدات بۆ وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەكاندا بێنە هەرێمی كوردستان.

كونسوڵی قەتەر ئامادەیی دەربڕی بۆ هاندانی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی و ئاماژەی بەوەشدا لە كۆتایی ئەمساڵدا شاندێكی بازرگانیی قەتەر سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی بەربەستەكانی بەردەم گەشەپێدانی كوردستان كرا و هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە رۆئیایەكی هاوبەش و گشتگیر هەبێت بۆ گەشەپێدانی ئابوری و هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیران داوایكرد قەتەر هاوكاریی هەرێم بكات لە گواستنەوەی ئەزموونی خۆیان سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ سەرچاوە و توانا مرۆییەكان بۆ پێشخستنی وڵات لە بوارە جیاوازەكاندا. لەمبارەیەشەوە كونسوڵی قەتەر ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی هەرێم دەربڕی.

لە دوایین بەشی كۆبوونەوەكەدا باسی كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری و گەشتوكاڵ كرا و هەردوولا هاوڕابوون هەرێمی كوردستان دەتوانێت شوێنێكی گونجاوبێت بۆ گەشتیارانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكەش، لەوانەش گەشتیارانی قەتەری.

سەبارەت بە هەناردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی هەرێم بۆ دەرەوەش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد، لە ئێستادا بازاڕی گرنگی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان ناوچەكانی دیكەی عێراقە و بەڵام لە پاڵ بازاڕی ناوخۆی عێراقدا، گرنگی بە هەناردەكردنی بەرهەمەكان بۆ وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش دەدەین.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ بانکی ناوەندی تەنها 10.6 ملیۆن دۆلاری نەختینەی خستووەتە بازاڕەوە

بابەتی دواتر

لە دهۆك بومەلەرزە روویدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

یەكێتی و پارتی لەبارەی پۆستەكانەوە لێكتێگەیشتنیان هەیە
ئەندامێكی شاندە هاوبەشەكە: پێكهێنانی حكومەت دوادەكەوێت

ئەندامێكی شاندە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی پێشبینی دەكات پێكهێنانی حكومەتی ‏داهاتووی عێراق دوابكەوێت، دەشڵێت، یەكێتی و پارتی لەبارەی…
Total
0
Share