جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە پەراوێزی كۆبوونەوەی لوتكەیدا لەگەڵ شی جین بینگ-ی هاوتا چینییەكەی لە كالیفۆرنیا رایگەیاند، تائێستا سەرۆكی چین بە “دیكتاتۆر” دادەنێت، بەوەش ئەو دەستەواژەیەی دووبارەكردەوە كە لەكاتێكی پێشتری ئەمساڵدا نیگەرانی پەككین-ی لێكەوتەوە.
بایدن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی دوای كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆكی چین رێككەوتووە لەسەر گفتوگۆی تەلەفۆنیی “راستەوخۆ و بەپەلە” لەكاتی روودانی هەر قەیرانێكدا و وتی، رێككەوتوون لەسەر “هێشتنەوەی هێڵەكانی پەیوەندی بە كراوەیی، لەوانەش لەنێوان من و سەرۆك شی-دا”.
سەرۆكی ئەمریكا كۆبوونەوەكەی بە “بونیادنەر و بەرهەمدار” ناوبرد، بەتایبەتیش ئاماژەی بۆ رێككەوتن لەسەر سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ سەربازییە دووقۆڵییەكان لەسەر ئاستی باڵا و رێوشوێنەكانی ریشەكێشكردنی ماددەی هۆشبەری (فنتانیل) كرد.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا بەوەی ئایا تائێستا شی بە دیكتاتۆر دادەنێت بایدن وتی، “ئەو دیكتاتۆرە، بەوەی سەرۆكایەتیی وڵاتێكی شیوعی دەكات، كە لەسەر بنەمای سیستمێكی حوكمی جیاواز لە سیستمەكەی ئێمە بونیادنراوە”.
كۆبوونەوەكە لەپاش كۆبوونەوەی سەرانی كۆمەڵەی بازرگانی لە سان فرانسیسكۆ بەڕێوەچوو، كە تیایدا شی جین بینگ لە بەردەم سەرانی وڵاتاندا رایگەیاند، “چین بەشوێن بواری قەڵەمڕەویدا ناگەڕێت، هیچ جەنگێكی سارد یان گەرمیش لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا ئەنجام نادات”.
لە ئاماژەیەكیشدا بۆ پەیوەندی نێوان دوو گەورە ئابورییەكەی جیهان، شی باوەڕی خۆی نیشاندا بەوەی “دوای كرانەوەی، دەرگای پەیوەندییەكانی چین-ئەمریكا جارێكی دیكە داناخرێتەوە”.
وتیشی، “نوێبوونەوەی گەورەی نەتەوەی چین لە غیابی ژینگەیەکی ئاشتیانە و سەقامگیریی نێودەوڵەتیدا بەدینایەت”.