بڕیاری دەستگیرکردنی پوتین دەرکرا.. جیهان پێشوازی لێدەکات و مۆسکۆ رەتیدەکاتەوە

دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا دەرکرد و تۆمەتباری کردووە بەوەی کە بەرپرسیارە لەو تاوانە جەنگییانەی لە ئۆکرانیا ئەنجامدراون.

مۆسکۆ چەندین جار ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە کە باس لەوە دەکەن هێزەکانی لە ماوەی ساڵێک لەشکرکێشی بۆ سەر ئۆکرانیا دڕندەیی و تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.

بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان پەیوەندی بە تۆمەتبارکردنی پوتینەوە هەیە بە دیپۆرتکردنەوەی نایاسایی منداڵان لە ئۆکرانیا و گواستنەوەی نایاسایی خەڵکی مەدەنی لە خاکی ئۆکرانیاوە بۆ روسیا.

ئەم بڕیارە یەکەم بڕیاری لەوجۆرەیە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە.

تیمێکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، گواستنەوەی منداڵانی ئۆکرانیا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا و بۆ روسیا تاوانی جەنگە.

بە جیا، دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ماریا ئەلێکسیڤنا لڤۆڤا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵانی روسیا بە هەمان تۆمەت دەرکرد.

بڕیارەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشوازیلێکرا و حکومەتی فەرەنسا هەر دوێنێ رایگەیاند کە “هیچ کەسێک نابێت لە هیچ ئاستێکدا لە دادپەروەری رزگاری ببێت”.

هەروەها جۆزێف بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، ستایشی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پوتین لە لایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کرد.

بۆرێل دەرکردنی فەرمانەکەی بە بڕیارێکی گرنگی دادپەروەری نێودەوڵەتی وەسف کرد.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڕیارەکانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی بە “بێ بایەخ” و “لە ڕووی یاساییەوە پووچەڵ” وەسف کرد.

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتەکە لە ڕێگەی تێلێگرامەوە ڕایگەیاند: بڕیارەکانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بۆ وڵاتەکەمان هیچ گرنگییەکیان نییە.

زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەشکرد، “ڕووسیا لایەنێک نییە لە پەیماننامەی ڕۆمای دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و هیچ پابەندبوونێکی بەپێی ئەو یاسایە نییە”، ڕوونیشیکردەوە کە مۆسکۆ “هاوکاری” لەگەڵ دادگاکەدا نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “فەرمانی دەستگیرکردن کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە دەرچووە، لەڕووی یاساییەوە نادروستە” بۆ ڕووسیا

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ مەزڵوم كۆبانێ: هاوبەشی ئەم خەمە گەورەیەین

بابەتی دواتر

فرۆشتن تا 2000 دۆلار بە گەشتیاران لە سبەینێ-وە دەستپێدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share