لە شاری سلێمانی هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆییەکانی سەر شەقام و شۆستەکان دەستپێدەکات، لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆیی شارەوانیی شارەکە وادە و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵمەتەکە ئاشکرا دەکات.
عوسمان عارف، لێپرسراوی بەشی زیادەڕەویی شارەوانیی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵمەتێک دەستیپێدەکەین و لە سەرجەم شەقامەکانی سلێمانی زیادەڕۆییەکان لادەبەین.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئەو کارە رێکخستنەوەی شەقام و شۆستەکانە، رۆژانە هاوڵاتیان سکاڵا تۆمار دەکەن، زیادەڕۆییەکان ئاستەنگ بۆ هاوڵاتیان و شۆفێران دروستدەکەن، هاوکات سیمایەکی ناشارستانی هەیە و رووداوی گیان لەدەستدانی هاولاتیانیشی لێکەوتووەتەوە، نوسراومان لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی و داواکاریی گشتی سلێمانی نوسراومان پێگەیشتووە و ناکرێت کەمتەرخەمی لە لابردنی ئەو زیادەڕۆییانە بکەین.
پەیوەست بە چۆنیەتی لابردنی زیادەڕۆییەکان و وادەی دەستپێکردن بە پرۆسەکە، عوسمان عارف، وتی، هەرکاتێک یەکە کارگێڕییەکان بڕیاری دەستپێکردنیان دەرکرد تیمەکانی ئێمە ئامادەن، دوکاندارەکان ئاگادار دەکرێنەوە بەلابردنی کاڵاکانیان، ئەگەر پابەند نەبن بۆ ماوەی هەفتەیەک دوکانەکەیان دادەخرێت و بەڵێننامەی پابەند بوونیان لێوەردەگیرێت.
بەپێی بڕیاری شارەوانی سلێمانی، هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکان دەوەستن میوە یان بەنزین دەفرۆشن، مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکەیان لێدەسەندرێت و بەبڕی 300 بۆ 350 هەزار دینار سزا دەدرێن.