لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا عێراق شەپۆلێكی هەڵهاتنی چالاكوانانی خۆپیشاندانەكانی بەرەو هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە بینی و هۆكارەكەشی ترسە لە ژیانیان.
لەگەڵ بەردەوامی ئەو هەڕەشانەی ڕوبەڕووی زۆرێكیان بووەتەوە و، لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی یەكەمی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، زۆرێك ترسیان لە كوشتن و بڕینیان هەیە.
هەروەك هەندێكیشیان بەشێوەیەكی كاتی شوێنی نیشتەجێبوونیان لە ترسی ژیانیان گۆڕیوە.
كەناڵی (ئەلعەرەبییە) لەسەر زاری حەسەن ماهر، چالاكوان و خۆپیشاندەر وتی، لەلایەن میلیشیا و گروپە چەكدارەكانەوە ڕوبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە تەنانەت بۆ سەر خێزانەكەشی، بەتایبەت لەلایەن سوپای مەهدی و حزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق.
ئەمەش وایلێكردووە شارەكەی (ناسڕییە) جێبهێڵێت و، ڕوو لە پەناگەیەكی ئارام بكات.
لای خۆیەوە موسا ڕەحمەتوڵا، چالاكوانی مەدەنی دەڵێت، جێهێشتنی شارەكان و بەغدادی پایتەخت لەلایەن چالاكوانانەوە و ڕووكردنە شارەكانی هەرێمی كوردستان پەیوەندیدارە بە دۆخی ئەمنی دژواری وڵات، بەتایبەت پاش چەندبارەبوونەوەی ڕوداوەكانی كوشتن كە بەرۆكی میدیاكار و چالاكوان و خۆپیشاندەرانی گرت، لەوانەش هەوڵی تیرۆركردنی ئەكرەم عەزاب-ی چالاكوان لە ناوەڕاستی بەغداد و، تیرۆركردنی سەڵاح عێراقیی چالاكوان.
ڕەحمەتوڵا گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە تاران بە جێبەجێكردنی ئەو تاوانانە تۆمەتباركرد، بەتایبەت پاش زیاتر لە جارێك ڕاگەیاندنی دژایەتییان بۆ بەشداربووانی خۆپیشاندانەكانی تشرین.
بەپێی وتەی چالاكوانان مەترسییەكان لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كە لە 3ی كانونی دووەمی ئەمساڵ لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغداد كرانە ئامانج ئەگەری زیادبوونیان هەیە.