كارەبای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، خواست لەسەر كارەبا گەیشتووەتە 2400 مێگاوات و هۆكارەكەشی بۆ دابەشنەکردنی نەوت و بەکارهێنانی کارەبا لەبری سوتەمەنی دەگەڕێنێتەوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی كانونی یەكەم ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، ئاشکرایە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما، خواست لەسەر بەکارهێنانی كارەبا بەرزدەبێتەوە، بەشێوەیەک کە لەئێستادا لە پارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە زیاتر لە 2400 مێگاوات و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتریش دەکەن.
دەشڵێت، “بەو هۆیەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لەناو شار بۆ (8 بۆ 9) کاتژمێر کەمبووەتەوە”.
كارەبای سلێمانی ڕونیشیدەكاتەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی وەزارەتی كارەبا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا کە لەمساڵدا گەیشتە 3800 مگاوات، بەڵام دابەشنەکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا و بەکارهێنانی کارەبا لەبری سوتەمەنی خواستی لەسەر کارەبا زۆر زیادکردوە، بەهۆیەوە لە سلێمانی بەشێک لە فیدەرەكان ئۆڤەر لۆدە و هەندێک گەڕەک سەرە محاویلەی بۆ دانراوە.
ئاماژەشدەدات، بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی کارەبای سلێمانی وەک بەرپرسیاری سەرەکی لە دابەشکردنی کارەبا بەسەر فیدەرەکاندا، کە (600) فیدەرە، هەوڵدەدەدات جۆرێک لە دادپەوەری هەبێت لە پێدانی کارەبا بەسەر گشت گەڕەک و شار و شارۆچکەکاندا.
بەڕێوبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی داواش لە هاوڵاتیان دەکات هاوکاریانبن و دڵنیاشبن کە کەمبوونەوەی کارەبای پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی خواستەوە هەیە و “هەوڵی تەواو دەدەین کە ئەو بڕە کارەبایە هەیە بە دادپەوەری دابەشی بکەین”.