کەمکردنەوەی 90 خولەک لە خەوی شەوانە مەترسی تووشبوون بە شەکرە زیاددەکات

توێژینەوەیەک دەریخستووە کە کەمکردنەوەی 90 خولەک لە خەوی شەوانە بە بەردەوامی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم زیاددەکات بە تایبەتی لە ژناندا.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری Diabetes Care بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، لەدەستدانی تەنها 90 خولەک خەوتن لە هەر شەوێکدا دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە جۆری دووەم لە ژناندا، هاوکات نەخەوتنی پێویست بەرگری ئەنسۆلین لە ژناندا زیاددەکات.

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە یەکەمین ئەنجامن کە دەریدەخەن کەم خەوی مامناوەند بۆ ماوەی تەنها شەش هەفتە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە جەستەدا کە مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشییە زیاددەکات، هەروەها توێژەران ویستوویانە سەرنجیان لەسەر ژنان بێت چونکە کەم خەوی کاریگەری زیاتری هەیە لەسەر تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان لە ژناندا بەراورد بە پیاوان.

لە توێژینەوەکەدا 38 ژنی تەندروست ناویان تۆمارکرد و داوا لە بەشداربووان کرا کە کاتی خەوتنیان کاتژمێر و نیوێک دوابخەن، ئەمەش کۆی کاتی خەوتنیان بۆ نزیکەی شەش کاتژمێر بۆ ماوەی شەش هەفتە کورتکردەوە و دەرکەوت کە کەمکردنەوەی خەو ئاستی ئەنسۆلین بە ڕێژەی زیاتر لە 12٪ بە گشتی زیاددەکات.

لەو بارەیەوە ماری پیێر سانتئۆنگ، توێژەرەی سەرەکی توێژینەوەکە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، دەڵێت، “بەدرێژایی ژیانیان، ژنان بەهۆی منداڵبوون و پەروەردەکردنی منداڵ و وەستانی سوڕی مانگانەوە ڕووبەڕووی گۆڕانکاری زۆر دەبنەوە لە خەوتنیاندا”.

بابەتی پێشتر

لەسەر رێگای کەرکوک - سلێمانی شەش ئۆتۆمبێل پێکیاندادا

بابەتی دواتر

به‌تۆمه‌تی‌ فێڵكردن له‌هاوڵاتیان دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share