توێژینەوەیەکی نوێی سندوقی بیمەی تەندروستیی ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە، سەرمابوونی بەردەوامی پێیەکان ئاماژەیە بۆ چەند نەخۆشییەک.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دابەزینی پەستانی خوێن هۆکارێکی باوی سەرمابوونی بەردەوامی پێیەکانە، بەو پێیەی خوێن بە شێوەیەکی پێویست ناگاتە کۆتاییەکانی.
لێکۆڵینەوەکە ئاشکرایکردووە، رەنگە ساردیی پێیەکان دەرئەنجامی تەسکبوون یان رەقبوونی خوێنبەرەکان بێت، کە وادەکات رۆیشتنی خوێن قورستر بێت، هەروەها ساردیی پێیەکان زۆرجار ئازار یان سڕبوونی لەگەڵدایە.
لەبارەی هۆکارەکانی سەرمابوونی پێیەکانەوە لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە، یەکێک لە هۆکارەکان رەنگە “نەخۆشیی ڕەینۆد” بێت، بەو پێیەی ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی گرژبوونی خوێنبەرەکان بەتایبەتی لە دەست و قاچەکاندا و ئەو شوێنانەی توشی نەخۆشییەکە بوون زەرد دەبنەوە و زۆر سارد دەبنەوە.
لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەرزبوونەوەی بەردەوامی ئاستی شەکر لە خوێندا دەبێتە هۆی تێکچوونی دەمارەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رۆیشتنی خوێن و سڕبوونی پێیەکان.
رژێنی غودەی دەرەقی رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە رێکخستنی پلەی گەرمیی لەش لە حاڵەتی کەمیی ئەو غودەیەشدا جەستە زۆر کەم هۆرمۆن بەرهەمدەهێنێت، ئەوەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە سەرما.
توێژینەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە بۆ دوورکەوتنەوە لە ساردیی پێیەکان، پێویستە گۆرەوییە گەرمەکان لەپێبکرێت و جلوبەرگی گەرم لەبەربکرێت، لە هەمان کاتدا هاندانی سووڕی خوێن لەبەرچاو بگیرێت بە وەرزشکردنی بەردەوام.
هەروەها پێویستە پێیەکان بە زەیتی سروشتی مەساج بکرێن و لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە رێجیمێکی هاوسەنگ پەیڕەو بکەیت، بە لەبەرچاوگرتنی وەرگرتنی رێژەی ئاسن، چونکە یارمەتیی رێکخستنی پلەی گەرمیی لەش دەدات.
بەپێی توێژینەوەکە وازهێنان لە جگەرەکێشان گرنگە، چونکە نیکۆتین دەبێتە هۆی بەرتەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی بۆرییەکانی خوێن زیاددەکات.