بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، “لە دوو چالاكی جیاوازدا لەلایەن مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە سێ ئۆتۆمبێلیان دزیبوو”.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، “لە چالاكییەكدا و لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك كە لە گەراجی ماڵەكەی ئۆتۆمبێلەكەی دزرابوو، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەكە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكردوو و سەرەنجام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێل تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەوئۆتۆمبێلەدا كە تۆمەتبار دزیبووی”.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، “لە چالاكییەكی تردا و لەلایەن هۆبەی جوڵانی نەهێشتنی تاوان بەهاوكاری نووسینگەی ناوبازاڕی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە دوو ئۆتۆمبێلی دزیبوو، ئەوەش دوای ئەوەی زانیاری كۆكرایەوە لەسەر تۆمەتبارێك كە ئۆتۆمبێلێكی لەشاری هولێرەوە دزیووە و لە سلێمانی فرۆشتویەتیەوە، هاوکات لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێكی دیکەشی دزیوە”.
لەبارەی رێکارە یاساییەکانەوە پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، “بەبڕیاری دادوەر هەردوو تۆمەتبارەکە، یەکێکیان بەپێی ماددەی 446 و ئەوەی تریشیان بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون”.