لە ساڵیادی لەدایكبوونی سەرۆك مام جەلال-دا

ئەمڕۆ 90 ساڵ بەسەر لەدایكبوونی سەرۆك مام جەلال-دا تێدەپەڕێت.

جەلال حوسامەدین نوروڵڵا نوری ناسراو بە (مام جەلال) لە 12ی تشرینی دووەمی 1933 لە گوندی كەڵكان-ی سەر بە شارۆچكەی دوكان، كە 78 كیلۆمەتر لە سلێمانی-یەوە دوورە، لەدایكبووە، سەرگوزشتەی ژیانی لەوێوە دەستیپێكردووە و لێوەشاوەیی، خەبات و قوربانیدان گەیاندوویەتیە بەرزترین پۆست لە حزب و حكومەتدا تا ئەوكاتەی لە 3ی تشرینی یەكەمی 2017 ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ژیاننامە:
ناوی تەواوی جەلال حوسامەددین نوروڵڵا، لە دایكبووی ساڵی 1933ی گوندی کەڵکان لە بناری چیای کۆسرەت سەر بە شاری کۆیە لە کوردستانی عێراق، بەڕەچەڵەك دەچێتەوە سەر بنەماڵەی شێخانی تاڵەبان، پاش هەڵبژاردنی باوکی بە مورشیدی تەکیەی تاڵەبانی کۆیە، خێزانەکەی لە کۆیە نیشتەجێبوو.

دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆك کۆماری عێراق لەماوەی 2005-2014.

لە ساڵی 1946دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی خوێندکار و بە ئامۆژگاری مامۆستایەکی کۆمەڵەیەکی فێرکاریی نهێنی دامەزراند بە ناوی (کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە)(K.P.X)، خۆشی بە سکرتێر هەڵبژێردرا. ئامانجی کۆمەڵە هاندانی خوێندکاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەکی.

دوای چوونە ناو کاری سیاسییەوە، لە رۆژنامەی (رزگاری) کە پارتی دیموکراتی کورد بە نهێنی دەریدەکرد، کورتە وتارێکی لەژێر نازناوی (ئاگر)دا بڵاوکردەوە. پاشان رووی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و لەڕێی تێکۆشەر عومەر دەبابەوە پەیوەندی بە ئەڵقەیەکی رۆشنبیریی پارتییەوە کرد.

پەیوەندی رێکخراوەیی و سیاسی لەگەڵ پارتیدا، بۆ ساڵی 1947 دەگەڕێتەوە لەڕێی مامۆستاکەی تاهیر سەعیدەوە لە ناوەندی کۆیە لێپرسراوێتیی خوێندکارە پارتییەکانی کۆیەی گرتە ئەستۆ. لە تەمەنی 15 ساڵیدا سەرپەرشتی خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە کۆیە لە دژی واژۆکردنی پەیمانی ساڵی 1948ی پۆرتسمۆس کرد.

هەر لەو ساڵەدا وەك نوێنەری خوێندکارانی کۆیە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی دامەزراندنی یەکێتیی گشتیی خوێندکارانی عێراق هەڵبژێردرا و لەو کۆنگرەیەدا بە ئەندامی یەدەك هەڵبژێردرا. بۆ ساڵی دواتر کرا بە ئەندامی ناوچەی کۆیە.

خوێندنی ئامادەیی لە کەرکوك تەواوکرد و ویستی لە کۆلیژی پزیشکی زانکۆی بەغداد بخوێنێت، بەڵام داواکەی رەتکرایەوە، چونکە دەزگا ئەمنییەکان بەڵگەی پشتگیرییان پێنەدا، بۆیە رووی کردە کۆلیجی یاسا و لە ساڵی خوێندنی 1952-1953 وەرگیرا.

ساڵی 1953 لە کۆنگرەی سێیەمی پارتی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا، لە 18ی شوباتی 1953 یەکێتیی قوتابیانی کوردستانی دامەزراند و هەرخۆشی بوو بە سکرتێری.

لەڕێگە بیری لەوە کردەوە کە رێوشوێنێك بدۆزێتەوە بۆ بینینی سەرۆکی پارتی مەلا مستەفا بارزانی کە ئەوسا لە رووسیا پەنابەری سیاسی بوو. لە پەکین تا مۆسکۆ نامەیەکی دوورودرێژی بۆ نووسی، لە مۆسکۆ توانی نامەکە رادەستی بێژەرێکی عەرەبی عێراق بکات کە لە رادیۆی عەرەبی مۆسکۆ کاریدەکرد تاکو بیگەیەنێتە دەستی بارزانی. پاش گەیشتنی نامەکە، هەندێ رێنمایی بارزانی لەڕێگەی هەڵگری نامەکەوە پێگەیی و هەروەها ئەدرێسی کەسێکی ئێرانی نیشتەجێی ئەڵمانیای رۆژئاوای پێدرا تاکو نامەی بۆ بنووسێت و ببێ بە پردێك لە نێوان بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی لە ناوخۆی وڵات.

پاش گەڕانەوەی، دەزگا ئەمنیییەکان هەندێ کێشەیان بۆ دروستکرد، بەڵام نەیانتوانی هیچی لەسەر ساغ بکەنەوە. ساڵی 1956 پاش بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە هێرشی ئیسرائیل و بەریتانیا و فەرەنسا و بۆسەر میسر، فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچوو، هاوکات لە سۆنگەی زۆریی رۆژانی ئامادەنەبوونی لە زانکۆ بە گومانی ئەوەی کە ئەندامە لە رێکخراوی لایەنگرانی ئاشتی سەر بە پارتی کۆمۆنیستی عێراق، خوێندنی لە کۆلێجی ماف لێقەدەغە کرا.

ساڵی 1957 وەك سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، لە چوارچێوەی شاندی عێراق، بانگهێشتکرا بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی لاوان و خوێندکارانی جیهان لە مۆسکۆ، لەوێ بۆ یەکەمجار چاوی بە مەلا مستەفا بارزانی کەوت و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵدا سازکرد. ئەو کۆبوونەوانە یەکەم کۆبوونەوەی بارزانی بوو وەك سەرۆکی پارتی، لەگەڵ سەرکردایەتیی ناوخۆدا.

پاش رووخانی رژێمی پاشایەتی و راگەیاندنی کۆمار لە عێراق لە 14ی تەمموزی 1958، گەڕایەوە بۆ خوێندن لە کۆلیجی ماف و بۆ ساڵی دواتر خوێندنی تەواوکرد و وەك پارێزەر ژیانی پیشەیی خۆی دەستپێکرد، بەڵام ژیانی پیشەیی وەك پارێزەر زۆر کورت بوو، چونکە تەنها دووجار لە ژیانیدا پارێزەری کردوە: یەکێکیان لە ساڵی 1960 کاتێك ئیبراهیم ئەحمەد، سکرتێری پارتی و سەرنوسەری رۆژنامەی “خەبات” دەستگیرکراو تاڵەبانی و چەند پارێزەرێکی تر کەوتنە بەرگریکردن لێی و ئەوی تر کاتێك لە دادگە کێشەی ململانێی نێوان کرێکاران و کۆمپانیایەکی گرتەئەستۆ و تێیدا پشتگیری لە کرێکارەکان کرد.

پاش گرژبوونی پەیوەندیی نێوان عەبدولکەریم قاسم و پارتی دیموکراتی کوردستان، دەرکەوت کە بەغداد هیچ بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد نییە. ساڵی 1961 یاخیبوونی گەورەیان لە دژی قاسم بۆ رێگرتن لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵ سازکرد و قاسم فڕۆکەی جەنگی ناردە سەریان. پارتی بڕیاریدا یاخیبوونە خێڵەکییەکە بکاتە شۆڕشێکی نەتەوەیی و خەباتی چەکداری لە دژی حکومەتی قاسم دەستپێکرد. لەو ماوەیەدا تاڵەبانی لە چەمی رێزان چالاکییەکانی خەباتی پێشمەرگایەتی هەڵسوڕاند، سەرکردایەتی هێزی رزگاریی کرد و رابەرایەتی شەڕەکانی شارباژێڕ و پێنجوێن و چەمی رێزانی کرد.

پاش رووخانی حکومەتی قاسم و هاتنە سەرکاری بەعسییەکان لە شوباتی 1963دا، مام جەلال و ساڵح یوسفی وەك نوێنەری پارتی لە بەغداد کەوتنە وتوێژ لەگەڵ حکومەتی تازە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێك بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد. حکومەتی بەعس رایگەیاند کە لەوانەیە جەمال عەبدولناسر وەك سەرکردەی عروبە رازی نەبێت بەو هەنگاوە و بەعس بە لاوازی مەسەلەی ناسیونالی عەرەبایەتی تۆماربکات. تاڵەبانی هەر ئەو مانگە سەردانی میسری کرد و لەوێ چاوی بە سەرۆکی میسر جەمال عبدولناسر کەوت و مەسەلەی داواکردنی ئۆتۆنۆمی بۆ روونکردەوە. لە میسرەوە چوو بۆ جەزائیر و لەوێ لەگەڵ شاندی عێراق چاوی بە سەرۆك “بن بێللا” کەوت و دواتر گەڕایەوە بۆ میسر و دیسان چاوی بە سەرۆك عبدولناسر کەوتەوە و قەناعەتی بە ناسر کرد مەسەلەی کورد و مافەکانی هیچ زیانێکی بۆ نەتەوەی عەرەب نییە.

ساڵی 1964 پاش ئاگربڕی نێوان شۆڕش و حکومەتی عەبدولسەلام عارف کە توانیبووی کودەتا بکا و بەعسییەکان لەسەر کار لابدا. قەیرانی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێوان باڵی مەلا مستەفا بارزانی و باڵی مەکتەبی سیاسی بە سەرکردایەتی ئیبراهیم ئەحمەد دەستیپێکرد. تاڵەبانی پشتگیری لە باڵی مەکتەبی سیاسی کرد.

پاش ئەوەی کە هێزەکانی بارزانی پەلاماری هێزەکانی مەکتەبی سیاسییان دا لە ماوەت، هێزەکانی مەکتەبی سیاسی کشانەوە بۆ ناو ئێران و لە هەمەدان گیرسانەوە. پاش ماوەیەك باڵی مەکتەبی سیاسی گەیشت بە رێککەوتنێك لەگەڵ مەلا مستەفا، بەڵام پاش زیادبوونی گوشار لەسەر باڵی مەکتەبی سیاسی و پەرەسەندنی مەترسی لەنابردنی ئەندامەکانی، باڵی مەکتەبی سیاسی لە ساڵی 1966دا گەیشت بە رێککەوتنێك لەگەڵ حکومەتی عێراق کە بەهۆیەوە حکومەت ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسیی ئاشکرای لە شارەکاندا بە باڵی مەکتەبی سیاسی دا و مافی پێکهێنانی هێزی چەکداریشی بۆ سەلماند.

كۆچكردووان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا

پاش راگەیاندنی بەیاننامەی 11ی ئازاری 1970 لەلایەن ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆکی عێراقەوە و یەکگرتنەوەی هەردوو باڵی بزووتنەوەی کورد. تاڵەبانی لەگەڵ چەند کادیرێکی دێرینی باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رێکخراوێکی چەپی نهێنی بە ناوی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستانەوە دامەزراند.

ساڵی 1971 پاش یەکگرتنەوەی هەردوو باڵە رکابەرەکەی پارتی، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ بارزانی کرابوو، خۆی و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی هیچ لێپرسراوێتییەکیان وەرنەگرت.

ساڵی 1972 کوردستانی بەجێهێشت و لە لوبنان گیرسایەوە. لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەلەستینییەکان پەرەپێدا، بە تایبەتی لەگەڵ بەرەی رزگاریی گەلی فەلەستینی بە سەرکردایەتی جۆرج حەبەش.

کاتێك شۆڕش لە ساڵی 1975دا دوابەدوای رێککەوتننامەی جەزائیری نێوان عێراق و ئێران هەرەسیهێنا، تاڵەبانی وەك ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییە عەرەبییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە دەژیا.

ئەوەندەش کە لە توانایدا بوو، هەوڵیدا سەرکردایەتیی پارتی بباتەسەر ئەو باوەڕەی کە هێشتا دەرفەت بۆ بەرگری و خۆڕاگرتن هەیە و ئەوەشیکرد بە بەڵگە کە نوێنەرێکی یەکێتیی سۆڤێت ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پشتگیریکردنی مەسەلەی کورد بەو مەرجەی کە درێژە بە شۆڕش بدرێ.

ئیتر سێ مانگ پاش هەرەسهێنانی شۆڕش لە کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە سوریا دامەزراند. لەم سەروبەندەدا لە ساڵی 1975دا توانی دوو هەنگاوی گرنگ بۆ سەقامگیرکردنی پێگەی یەکێتی بنێ. یەکێکیان هێنانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و بزووتنەوەی سۆشیالیستی کوردستانە بۆ ناو یەکێتی و ئەوی دیكە بردنی یەکێتییە بۆ ناو کۆڕی نیشتمانیی عێراق کە هاوپەیمانییەکی سیاسی دژ بە رژێمی بەعس بوو.

ساڵی 1984 پرۆسەی وتوێژی لەگەڵ رژێمی بەعس دەستپێکرد، بەڵام پاش بێ ئومێدبوون لە گەیشتن بە رێكکەوتنێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد، لە ناوەڕاستی کانونی دووەمی 1985دا هەڵوەشاندنەوەی وتوێژی راگەیاند.

هەر ئەو ساڵە، دوای ئەوەی کە ئێرانییەکان ئامادەیی ئەوەیان دەربڕی کە هەڵوێستیان بەرانبەر بە یەکێتی راستدەکەنەوە و خوازیاری ئاشتبوونەوە و هاریکارین، بە پیریانەوە چوو و پشتیوانی لە چاککردنی پەیوەندی نێوان یەکێتی و ئێران کرد.

لە ساڵی 1986دا پەیوەندییەکان پەرەیانسەند و گەیشتنە ئاستی هاوپەیمانی لە دژی رژێمی بەعس.

لێرە بەدواوە کەوتە کارکردن بۆ یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد و پرۆژەی ئاشتبوونەوەی گشتی پێشنیازکرد و بەم پێیە یەکەمجار ئاشتبوونەوەی لەگەڵ حزبی سۆسیالیستی کوردستاندا بە ئەنجام گەیاند، پاشان لەگەڵ پاسۆك و دواتر لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی عێراقدا، لە کۆتاییشدا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا لە تاران. ئەم ئاشتبوونەوە گشتییە بووە هەوێنی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی کە لەساڵی 1988 لەنێوان لایەن کوردستانییەکان هاتە کایەوە.

مام جەلال بە پێشبینییە درووستەکانی خۆی پێیوابوو رژێمی بەعس لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی لاتەریك دەبێت بۆیە هەموو هێزەکانی کوردستانی هاندا خۆیان بۆ قۆناغی نوێی ژیانی ئازادیی کوردستان ئامادە بکەن. راپەڕینی کوردستان سەرەتای وەرچەرخانێکی سیاسی نوێ بوو سەرەڕای شکستی کاتی.

پاش راپەڕینی 1991، مام جەلال سەرۆکایەتیی شاندی بەرەی کوردستانی کرد لە وتوێژدا لەگەڵ رژێمی بەعس بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیموکراتییانە و دادپەروەرانە بۆ مەسەلەی کورد، بەڵام سەرەڕای گۆشەگیریی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس، هێشتا داواکانی کوردی نەسەلماند، بەڵام پاش ئەوەی کە بێ ئومێد بوو لە توانای رژێمی بەعس بۆ سەلماندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد، مام جەلال دژی ئەوە وەستایەوە کە رێککەوتنێکی کرچ و کاڵ و نامسۆگەر لەنێوان کورد و رژێمی بەعسدا واژۆبکرێت. بەهۆی بوونی دوو بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد، بڕیاردرا هانا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ببرێت.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992دا یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکرات زۆرینەی دەنگەکانیان بە دەستهێنا و دواتر پێکەوە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان دروستکرد. لە کۆنگرەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە سەڵاحەددین، تاڵەبانی رۆڵێکی سەرەکی لە بەڕێوەچوونی ئەجیندای کۆنگرەکەدا گێڕا و بەشداربوو لە هاندانی کۆنگرە بۆ پەسەندکردنی فیدڕالیزم وەك شێوازێکی حوکمڕانی لە عێراقی ئایندەدا. بە پشتبەستن بەم بڕیارەی کۆنگرەکە، پەرلەمانی کوردستان فیدڕالیزمی وەك رێوشوێنێك بۆ رێکخستنی پەیوەندیی نێوان ناوەند و هەرێم پەسەندکرد.

پاش رووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 200 بە ئەندامی ئەنجومەنی حوکم هەڵبژێردراو لە ساڵی 2004 سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی حوکمڕانی کرد. دوای پەسەندکردنی قانونی ئیدارەی دەوڵەت لە عێراق کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە رەسمی ناسی و عێراقی وەك دەوڵەتی فیدڕاڵ راگەیاند، لە کانونی دووەمی ساڵی 2005 یەکەم هەڵبژاردنی گشتی بە گوێرەی ئەم یاسایە کرا و لە 7ی نیسانی 2005 مام جەلال لەلایەن کۆمەڵەی نیشتمانی عێراقەوە وەك سەرۆکی کۆماری عێراق لە قۆناغی راگوزەردا هەڵبژێردرا.

لە قۆناغی نووسینەوەی دەستوری عێراق لەگەڵ نوێنەرەکانی گەلی کوردستان و عێراقییە ئازادیخوازەکاندا بەشداری گفتوگۆکان و تەگبیرەکانی نووسینی دەستوری کرد کە یەکەم دەستوری گەل پەسەندی ووڵات بوو. بەمشێوەیە مام جەلالی شۆڕشگێر و دیموکرات و ئازادیخواز لەگەڵ هاوڕێکانی لە سەرکردە عێراقییەکان بوو بە یەکێك لە باوکە دامەزرێنەرەکانی دەستووری وڵات و عەڕابی دیموکراسی نوێ لە ناوچەکەدا.

لە 23ی نیسانی 2006دا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە سەرۆکی کۆمار بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵبژێردرا و بووە یەکەمین پێشمەرگە و یەکەمین کورد و یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێردراو لە مێژووی عێراق دا. مام جەلال بە تێکۆشانی دوورمەودا بووە نموونەی سەرۆکێکی گەورە لە مێژووی عێراق دا وەك سەرۆکێکی کورد و دیموکرات وەك پارێزەری دەستوور رۆڵی گەورەی لە بیناکردنی دیموکراسی و فرەیی و پەرەپێدانی پێکەوەیی و سەرخستنی بەهاکانی عێراقی فیدڕاڵ گێڕا. لە وتاری ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زمانی عەرەبی و کوردی گوزارشتی لە خواستەکانی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقی فرەیی کرد.

مام جەلال، سەرۆككۆماری كۆچكردووی عێراق

ساڵی 2007 بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، رێککەوتننامەی ستراتیجیی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان واژۆکرد. کە بەمەش ئاشتییەکی درێژخایەن و ئاوەدانی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشا.

لە تەمموزی 2008دا و لە بیست و سێهەمین کۆنگرەی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیونالدا بە جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە هەڵبژێردرا. لە ساڵی 2010دا بۆ دووەم جار لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە.

بە داخەوە نەخۆشی رێگەی لەوە گرت ئەم سەرکردە مەزنە نەخشەڕێی بیناکردنی ووڵاتێکی فیدڕاڵ و دیموکرات و ئاوەدان بە تەواوی سەربخات و بە کەلتوورێکی مەزنی سەرۆکایەتی و سیاسەت و ئەزموونێکی دوورودرێژی خەباتی دیموکرات و ئازادیخوازانەوە ئەرکەکەی بۆ کورد و پێکهاتەکانی دیكەی عێراق بەجێهێشت.

ئەوەبوو لە 17ی کانونی یەکەمی 2012دا لە بەغداد نەخۆشی تینی بۆ هێنا و بەپەلە گەیەندرایە نەخۆشخانەی شاریتە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا. لە 19ی تەمموزی 2014دا گەڕایەوە بۆ سلێمانی و لە دەباشان گیرسایەوە. لەوماوەیەدا نەخۆشی رێیپێنەدا بەشداری لە ژیانی سیاسی دا بکات.

رۆژی 3ی تشرینی یەكەمی 2017 بۆ دواجار ئەم سەرکردە مەزنە، ئەم پێشمەرگە و فەرماندە ئازا و ئازادەی کوردستان، ئەم سەرۆکە مەزنەی عێراق ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بابەتی پێشتر

ڤینیسیۆس شۆ

بابەتی دواتر

وەزارەتی خوێندنی باڵا پۆستێک لە زانکۆی دهۆک رادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share