لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەركۆنەی هێرشەكەی سەر نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر دەكەین و داواشدەكەین لایەنی پەیوەندیدار هەموو هەوڵێك بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی پزیشكان.
بەپێی راگەیەندراوێكی لقی هەولێری سەندیكای پزیشكان كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ كۆمەڵێك كەسێك هێرشدەكەنە سەر نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر، بە توندترین شێوە سەركۆنەی ئەمجۆرە رووداو و دیاردە ناشارستانییە دەكەینەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە،”داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەین هەموو هەوڵێك بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی پزیشكان و پەرستاران و ستافی نەخۆشخانەكان، كەسانی سەرپێچی كار و لە یاسا لادەریش رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە تاوەكو بە سزای یاسایی بگەن”.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئەو ڕاستییە بە بیری هاوڵاتییان دەهێنینەوە كە پزیشكان و پەرستاران و ستافی نەخۆشخانەكان تاكی ئەم كۆمەڵگەیەن، كار و ئامانجی سەرەكییان لە نەخۆشخانە بریتییە لە یارمەتیدان و چارەسەركردنی نەخۆش، بۆیە پێویستە لەسەر هەمولایەك بە جوانترین شێوە مامەڵە بكەن لەگەڵ پزیشكان و پەرستاران و ستافی نەخۆشخانە.