كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت، سزای سەرپێچیكردن لە بانگەشەی هەڵبژاردن دەگاتە بەندكردن یان پێبژاردن بە بڕی 50 ملیۆن دینار.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، كۆمسیۆن حاڵەتەكانی پەلاماردانی بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندیدان تۆماردەكات و بۆ لایەنە دادوەرییەكانی بەرزدەكاتەوە.
وتیشی، “كۆمسیۆن مافی لێپرسینەوەی لە هاوڵاتی نییە، بەڵكو سەرەتاكانی حاڵەتەكان بەرزدەكاتەوە بۆ دەستە دادوەریەكان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی”.
كۆمسیۆن مافی هەیە رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر بەپێی بنەماكانی سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردن، تایبەت بە پەلاماردانی كاندیدێك بۆسەر بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندیدێكی دیكە، جومانە وای وت.
سەبارەت بە سەرپێچیكارانی سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردنیش، وتەبێژەكەی كۆمسیۆن روونیكردەوە، سزای دارایی بەسەر سەرپێچیكارانی سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەدرێت كە لە 500 هەزار دینارەوە بۆ سەرپێچی بچوك دەستپێدەكات و دەگاتە سزای بەندكردن یان سەپاندنی سزای دارایی تا 50 ملیۆن دینار، یان دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردن.
بڕیارە لە 18ی كانونی دووەمی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق جگە لە شارەكانی هەرێم بەڕێوەبچێت.