بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو دەستدەكرێت بە دابەشكردنی نۆیەم بەشەخۆراكی مانگانە بەسەر هاوڵاتییان بۆ ساڵی داهاتووش پێشنیازكراوە چەند ماددەیەك بۆ بەشەخۆراكی هاوڵاتییان زیاد بكرێت.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دەستدەكرێت بە دابەشكردنی نۆیەم بەشەخۆراكی مانگانە بەسەر هاوڵاتییاندا كە بریتین لە ( برنج، شەكر، زەیت، دۆشاو و پاقلەمەنییەكان)، هەشتەم بەشە ئاردیش لە سنووری هەولێر دابەشدەكرێت.
راشیگەیاند، وەزارەتی بازرگانیی عێراق سیستمی دیجیتاڵی بۆ پسووڵەی خۆراك پەیڕەودەكات و بەو هۆیەوە چەند كەسێك لە سیستمەكە لادەبرێن ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئەو ماددە خۆراكییانە تەرخانكراوە دەتوانرێت چەند ماددەیەكی دیكە بۆ بەشەخۆراكی هاوڵاتییان زیاددەكرێت، بەڵام دواجار پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەیە.