پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت، پرۆژەی (هەژماری من) كێشەی مووچە چارەسەر ناكات و حكومەت ئومێدی بەوەیە مووچەخۆران مووچەكانیان رانەكێشن.
بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پرۆژەی (هەژماری من) كێشەی موچە چارەسەر ناكات، چونكە مووچەی هاوڵاتیان پەیوەندی بەو پرۆژەیەوە نییە.
دەشڵێت، “حکومەت وەک پێشتر دەتوانێت مووچە دوابخات و پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە بەردەوام بێت”.
ئەو پەرلەمانتارە هۆكارێكی دیكەی بۆچوونەكەی دەخاتەڕوو و دەڵێت، حکومەت ئومێدی بەوەیە کە مووچەخۆران مووچەکانیان لەسەر هەژمارە باکییەکانیان رانەکێشن و بیهێڵنەوە و، بەمەش حکومەت بتوانێت قەرز لە هەمان ئەو بانکانە وەربگرێت و بیداتەوە بە مووچە.