چارەسەرێکی گرنگ بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە

پسپۆڕانی سەنتەری زانستی دڵ و خوێنبەرەکان چارەسەرێکی نوێیان بۆ ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشیی بەرزی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن ئاشکراکرد کە پێدەچێت لەبری خواردنی حەبی ڕۆژانە تەنها شەش مانگ جارێک دەرزییەک بەکاربهێنن.

کۆمەڵێک پسپۆڕی سەنتەری زانستی دڵ و خوێنبەرەکان لە زانکۆی ئیدنبرە لە سکۆتلەندا، لە توێژینەوەیەکدا کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی کلینیکی سەرەتاییان لە چوار شوێنی بەریتانیا لەسەر ئەو نەخۆشانەی بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە ئەنجامدا، تێیدا دەرزییەکیان بەکارهێنا کە کاریگەری ئەرێنی بۆ ماوەی شەش مانگ لەسەر نەخۆشەکان هەبووە.

دەرزییەکە بە zilebesiran ناسراوە و کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی ئەنجیۆتەنسین بە وەستاندنی ئەو جینەیەی کە دروستی دەکات، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەنجیۆتەنسین هۆرمۆنێکە کە خوێنبەرەکان تەسک دەکاتەوە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

سەرەڕای ئەو ئەنجامانە، هێشتا ئەو پسپۆڕانە دەڵێن، “دەرمانەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە لەسەر چەندین نەخۆشی دیکە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی دەرزیەکە، هەروەها لە داهاتوودا گرنگی زیاتری پێدەدەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لەسەری پێش ئەوەی مۆڵەتی پێبدرێت”.

بابەتی پێشتر

عەبدوڵا حاجی مەحمود: حكومەتی عێراق بەرپرسە لە دواكەوتنی مووچە

بابەتی دواتر

بانكی ناوەندیی عێراق هەنگاوێكی نوێ دەگرێتەبەر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share