ئاگری کارگەکەی عەربەت کۆنتڕۆڵکرا

ئاگری كارگەی قیرەكەی عەربەت كۆنتڕۆڵكرا و بەرگریی شارستانی دەڵێت، بە هەوڵی تیمەكانیان بەشێكی بەرچاوی كارگەكە پارێزراوە.

دوای نزیكەی 27 كاتژمێر بەسەر سەرهەڵدانیدا، ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكرا و تیمەكانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی دوا هەوڵەكانی كۆنتڕۆڵ، پاككردنەوە و هەڵسەنگاندنن بۆ سەرچاوە و ئاستی زیانەكان.

ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم تیمەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بەشداربوون لە هەوڵەكانی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە.

وتیشی، “هۆكاری ئاگرەكە بەهۆی هەڵە بەكارهێنانی كارمەندێكەوە بووە، كە قیری لە تانكەرەكان رۆكردووەتە ناو خەزانەكان، خەزانەكانیش بە بڕێكی زۆر بەرهەمی تیابووە، كە لە رووی پێكهاتەوە جیاوازن لە رۆنی رەش، نەفتا و قیر”.

سەرەڕای گەورەیی رووداوەكە، لەلایەن تیمەكانەوە توانراوە سێ خەزانی گەورەی قیر سارد بكرێتەوە و رزگاربكرێت كە بەهایەكی زۆری هەیە، ئارام عەلی وایوت.

باسی لەوەشكرد، تەواوی كارگەكە، ئۆفیسەكەی و كارگەیەكی بەرمیلی ناوی پارێزراوە جگە لەو خەزانانەی سەرەتا ئاگرەكەی تیابڵاوبووەتەوە.

وتەبێژی بەرگریی شارستانی روونیشیكردەوە، لە رووداوەكە هەشت ملیۆن بۆ 10 ملیۆن سووتەمەنی سووتاوە و لیژنە پێكهێنراوە بۆ خەمڵاندنی زەرەر و زیانەكان.

زیانە گیانییەكانی رووداوەكە گیانلەدەستدانی دوو كەس و برینداربوونی دووانی دیكەیە، كە برینی یەكێكیان كاریگەرە.

بابەتی پێشتر

كۆمسیۆن وادەی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دیاریكرد

بابەتی دواتر

بەهۆی ماراسۆنەوە شەقامێکی هەولێر دادەخرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share