رۆژی پێنجشەممە زیاتر لە 400 زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسیدا دابەشدەكرێت و بەرپرسێكی حكومیش دەڵێت، دابەشكردنەكە بە فەرمان و لەژێر سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی بەڕێوەدەچێت و سەرجەم زیندانیان دەتوانن سوودمەندبن.
ئەحمەد مام رسول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران فەرمانی دەركرد بۆ دابەشكردنی 11 هەزار و 141 پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون و زیندانیانی سیاسی لە تەواوی هەرێمی كوردستان، وەك بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بەردەوام لەگەڵ شارەوانییەكاندا لە هەوڵدابوون بۆ وەرگرتنی زەوییەكان و دابەشكردنی بەسەر ئەو توێژانەدا.
وتیشی، “لەماوەی رابردوودا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین زیاتر لە 800 پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابەشكرا، لە گەرمیانیش ژمارەكە زیاتر لە هەزار پارچە زەوی بوو كە دابەشكرا”.
لەنێو ئەو هەزار و 110 ناوەی داواكارییان لە سنووری شارەوانیی سلێمانی پێشكەشكردووە، 416 كەسیان وردبینییان تەواوكراوە و رۆژی پێنجشەممە لە رێوڕەسمێكدا بە تیروپشك بەسەریاندا دابەشدەكرێت، ئەحمەد مام رەسول وایوت.
دووپاتیشیكردەوە، تەرخانكردن و دابەشكردنی زەوییەكان بە فەرمان و سەرپەرشتیی راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی ئەنجامدەدرێت.
سەبارەت بەو زیندانییانەی تائێستا سوودمەندنەبوون، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە داوایكرد، ئەو زیندانیانەی تائێستا زەوییان وەرنەگرتووە، بەزووترین كات مامەڵە و بەڵگەنامەكانیان پێشكەش بكەن، تا لەگەڵ شارەوانییەكاندا كاروبارەكانیان تەواو بكەن.
روونیشیكردەوە، سەرجەم زیندانیانی سیاسی زەوییان پێدەدرێت بەمەرجێك وەك زیندانی سیاسی سوودمەند نەبووبێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەهەر هۆكار و ناوێكی دیكە زەوی وەرگرتبێت دەتوانێت جارێكی دیكە سوودمەندبێت.