ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێکەوە کردووە کە یەکێکیان تایبەتە بە دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان.
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەتەوە و تاوتوێی کێشەی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی لە زانکۆکانی هەرێم و دانیشتووی ناوچە دابڕێنراوەکان کردووە کە دەرچووی خولی 2020-2021 و هێشتا دانەمەزراون، دەشڵێت، “وەزیری دارایی جەختی لەوەکردەوە، دامەزراندنی ئەو دەرچووانە لەسەر خواست و پێداویستی وەزارەتی تەندروستییە”.
ئەوەشی خستەڕوو، گفتوگۆیان لەبارەی کێشەی تەرخانکردنی دارایی بۆ کارمەندانی گرێبەستی تەشغیلی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردووە، کە پێشتر گرێبەستی کاتی بوون و لە چوارچێوەی یاسای بودجە گەڕانەوە و کرانە گرێبەستی تەشغیلی بەپشتبەستن بە ماددەی 67ی یاسای بودجەی گشتی.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران باسیلەوەشکرد، بابەتی گەڕانەوەی پاسەوانانی ئەمنی کۆمپانیای نەوتی باکوور گفتوگۆی لەبارەوە کرا و بەپێی وتەکانی وەزیری دارایی، چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی نەوتن بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی مافی گەڕانەوەیان هەیە.