پەرلەمانتارێكی كورد رایدەگەیەنێت، حكومەتی ناوەند زیاتر لە 150 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی گفتوگۆیەکی نێوان خۆی و حامید زەوبەعی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاشکرایکرد، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەغداد رۆژانە یەک ملیۆن لیتر نەوتی سپی رەوانەی هەرێم دەکات، بۆ ئەوەی بە نرخی پاڵپشتیکراو هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دابەشبکرێت.
وتیشی، بڕی نەوتەکە زیاتر لە 150 ملیۆن لیترە، هەر بەرمیلێک نەوت بە 30 هەزار دینار دەدرێت بە هاوڵاتیان لەگەڵ 10 هەزار دینار کرێی گواستنەوەکەی، واتە نرخەکە دەبێت بە 40 هەزار دینار.
لەئێستادا لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی هەرێمەوە دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی كراوە، بەڵام بۆ هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 100 هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە خێزانێکی زۆر لە وەرگرتنی ئەو نەوتە بێبەشدەبن.