یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەغداد لە دانوستانداین و لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوولادا هەیە و ئەو دوو مانگەی مووچە كە دواكەوتووە رێكدەخرێتەوە.
رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیە بەغداد 700 ملیار دینارەكە بە سێ گوژمە رەوانە بكات و لیستی مووچە ئامادەیە و راستەوخۆ وەزارەتی دارایی هەرێم دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكات.
راشیگەیاند، لە دوا سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد تەواوی داهات و خەرجییەكان بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق خراوەتەڕوو و لە ئێستادا لێكتێگەیشتنی باش نێوان هەردوولا هەیە.
وتیشی، “ئەو سێ 700 ملیار دینارەی رەوانە دەكرێت عێراق بۆ مووچەی مانگەكانی (9 ، 10 و 11) رەوانەی كردووە و لە هەرێمی كوردستان بۆ مانگی 7، 8 و 9 خەرجدەكرێت گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق بەردەوامە و ئەو دوو مانگەی كە مووچە دواكەوتووە هەمووی رێكدەخرێتەوە و هەوڵدەدرێت بۆ ساڵی داهاتوو پرسی مووچە لە ئینفاقی فیعلی جیابكرێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە ئێستادا لیستی مووچەخۆران لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێم وردبینی تێداكراوە بەشێكی زۆری كارەكانیان بەكۆتاهاتووە.