شۆفێرێک پسوڵەی سەرپێچیی هاتوچۆی بە بڕی 1.4 ملیۆن دۆلار پێدەدرێت

پێدەچێت تووشی سەرگێژخواردن هاتبێت كاتێك ئاگاداركردنەوەی لەبارەی سەرپێچیی خێراییەوە پێگەیشتووە و بڕەكەی ملیۆنێك و 400 هەزار دۆلار بووە، بەڵام بەرپرسان لە ویلایەتی جۆرجینای ئەمریكا دەڵێن، بڕەكەی تەنها پڕكردنەوەی خانەی سزاكە بووە و بەهای راستەقینەی پێبژاردنەكە نییە.

كۆنۆر كاتۆ-ی شۆفێر دەڵێت، سزاكەی كاتێك پێگەیشتووە كە ئۆتۆمبێلەكەی بە خێرایی 145 كم/ كاتژمێر لێخوڕیوە لە ناوچەیەكدا كە رێگەپێنەدراوە خێرایی لە 9 كم/ كاتژمێر زیاتر بێت.

شۆفێرەكە پەیوەندی بە بەرپرسانی دادگاوە كردووە و پێیوابووە كە هەڵەیەك لە تایپكردنی پسوڵەكەدا هەیە، بەڵام ئەوەی وەڵامیداوەتەوە پێیوتووە یان دەبێت بڕی سزاكە بدات یان دەبێت لە كانونی یەكەمی داهاتوو لە بەردەم دادگا ئامادەبێت.

بەرپرسانی ناوچەكە دەڵێن، هەر كەسێك بە خێرایی زیاتر لە 56 كم/ كاتژمێر لە سەرووی ئەوپەڕی خێرایی دیاریكراو بڕوات و تۆماربكرێت، پێویستە لەبەردەم دادگا ئامادەبێت، بۆ ئەوەی دادوەر بڕی راستەقینەی سزاكەی بۆ دیاریبكات.

روونیشیانكردەوە، ئەو بڕە پارەیەی (كاتۆ) لە پسوڵەكەدا بۆی نووسراوە تەنها ژمارەیەكی وەهمی بووە، لەجیاتی ئەوەی خانەی سزاكەی بە بەتاڵی جێبهێڵدرێت.

سزاكانی تێپەڕاندنی خێرایی دیاریكراو لەهەر حاڵێكدا بێت لە هەزار دۆلار زیاتر نییە، لەگەڵ ئەو تێچووانەی دەوڵەت دەیسەپێنێت.

بەرپرسان روونیشیانكردووەتەوە كە دادگا كار لەسەر هەمواری دەقی ئەو پسوڵەی سزایانە دەكات كە بە نامە بۆ سەرپێچیكاران دەچێت، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا دۆخی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

هەنگاوێكی نوێ بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغداد دەنرێت

بابەتی دواتر

دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەكان خوێندكاران لە هەولێر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share